کۆنفرانسى ساڵانەى "لە بەهاناوەچوونەوە بەرەو سەقامگیریى"

523 جار بینراوە| لەرێکەوتى : 2018-07-31

کۆنفرانسى ساڵانەى "لە بەهاناوەچوونەوە بەرەو سەقامگیریى"

لەژێر سەرپەرشتى و چاودێرى فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکان و بەهاوکارى دەزگاى KFD کۆنفرانسى ساڵانە لەژێر ناونیشانى "رۆڵى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى لە گەڕانەوەى سەقامگیریى" بەڕێوەچوو.

کۆنفرانسەکە سەرەتا بە وتارى سەرۆکى فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکان بەڕێز ئەکرەم محەمەد جەمۆ دەستیپێکرد و لە وتارەکەیدا باسى لە رۆڵى دەزگاى KFD کرد لە هاوکاریکردنى ئاوارە و پەنابەرەکانى هەرێمى کوردستان، دواتر باسى لە رۆڵى رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى کرد لە باشترکردنى رەوشى کۆمەڵگە بۆ بەرەو سەقامگیریى چوون و میکانیزمەکانى بەرجەستەکردنى سەقامگیریى و هاوکاریکردنى ئاوارە و گەڕاوەکان بۆ زێد و شوێنى نیشتەجێبوونى خۆیان و داواشیکرد رێکخراوەکان لە گشت بازنە و جومگەکانى بەرجەستەکردنى سەقامگیریى کاربکەن تا سەقامگیریى راستەقینە بەدى بکرێت.

دواتر وتارى دەزگاى KFD لەلایەن د. مستەفا کوبەیسى خوێنرایەوە و تیشکى خستەسەر ژینگەى کوردستان کە لەبار بووە بۆ خزمەتکردنى ئاوارەکان و سوپاسى فەرمانگە و دامەزراوەکانى حکومەتى هەرێم کرد کە هاوکارى دەزگاکەیان بوون لە بەجێگەیاندنى ئەرکەکانیان و گوتیشى دەزگاکەیان بەردەوام دەبێت لە چالاکییەکانى.

"ڕێگەکانى پاڵپشتى بەرجەستەکردنى سەقامگیریى بۆ ئاوارە گەڕاوەکان"
بابەتەکانى پانێڵى یەکەم لەژێر ناونیشانى "ڕێگەکانى پاڵپشتى بەرجەستەکردنى سەقامگیریى بۆ ئاوارە گەڕاوەکان" پێشکەشکران، کە لەلایەن بەڕێزان محەمەد عەیاش لە دەزگاى KFD و وەیس عەبدولجەلیل لە دەزگاى بارزانى و بەختیار ئەحمەد لە ڕێکخراوى پەرەپێدانى کۆمەڵگە و محەمەد مەهدى لە رێکخراوى قەندیل بەڕێوەبرا و تێیدا: تیشکخرایە سەر ڕەوشى خزمەتگوزارى و ڕەوشى ئاوارەکانى عێراق کرا بەتایبەت شارى موسڵ و ئەنبار، نوێنەرى دەزگاى بارزانى باسى لەو کاولکاریە کرد کە شارى موسڵ لەدواى شەڕى داعش توشى بووە و شارەکە زۆرینەى خاپوور بووە و گەڕاندنەوەى سەقامگیریى کارێکى ئەگەر ئەستەم نەبێت کارێکى قورسە، بەڵام چاولێکردنى و وەرگرتنى کوردستان بە نمونە دەکرێت هاوکار بێت بۆ دروستکردنى ژینگەیەکى لەبار بۆ بەرجەستەکردنى سەقامگیریى لە ناوچە کاولکراوەکان، نوێنەرى دەزگاى بارزانى بە زمانى ژمارە ڕونیکردەوە کە لەماوەى چەند مانگێکدا رێژەى %٨٠ لە ئاوارە گەڕاوەکانى موسڵ دووبارە گەڕاونەتەوە بۆ خێوەتگەکان و شارەکانیان جێهێشتووە لەبەر نەبوونى سەقامگیریى و ئاسایش.
دواتر لەلایەن بەختیار ئەحمەد لە رێکخراوى CDO باسى لە بەرجەستەکردنى سەقامگیرى دەروونى و سەقامگیریە خزمەتگوزاریەکان کرد کە لایەن رێکخراوەکانەوە پێشکەش دەکرێن بۆ ئاوارەکان، باسیشى لە پێویستبوونى متمانە کرد لەنێوان هاووڵاتى و رێکخراوەکان و تا رێکخراوەکان بتوانن باشتر خزمەتەکانیان پێشکەش بکەن و کاریگەریەکانى خزمەتەکانیش باشتر دەربکەون، لەلایەن خۆیەوە گوتیشى ئەرکى رێکخراوەکان قورستر دەبێت ئەگەر تەنیا بازنەى خزمەتەکانیان کورت بکەنەوە لە گەیاندنى پێداویستیەکانى ژیان و خزمەتگوزاریەکان، گوتى: ئەوە ئەرکى دامەزراوەکانى دەوڵەتە کە خزمەتگوزاریەکان دابینبکات و رێکخراوەکانیش هاوکاربن، بەڵام بەرجەستەکردنى سەقامگیریى لەلایەن رێکخراوەکانەوە لەڕێگەى دروستکردنى کاریگەرى دەبێت لەسەر دەرونى هاووڵاتى، گوتیشى دەبێت رێکخراوەکان کاربکەن بۆ نەهێشتنى توندوتیژیەکان و کەمکردنەوەى کاریگەرى توندوتیژى.
دواتر لەلایەن محەمەد مەهدى لە رێکخراوى قەندیل باس لە چالاکیەکانى رێکخراوى قەندیلى سویدى کرا کە کاریان کردووە بۆ گەشەپێدانى کۆمەڵگە و پڕۆگرامەکانى خزمەتکردنى مرۆیى ئاوارەکان، باسیشى لە جۆرەکانى نەهێشتنى گرفتەکانى بەردەم ئاوارە و کۆچکردووەکان کرد بۆ سەر زێدى خۆیان.
دواتریش لەلایەن بەشداربووانەوە گفتوگۆ لەسەر بابەتە پێشکەشکراوەکان کرا.

"رۆڵى رێکخراوەکان لە چارەسەرکردنى کێشەکانى گەنجان"
پانێڵى دووەم لەلایەن هۆگر بابان لە ڕێکخراوى سپارک و د. حەیدەر تەویڵە لە UNFPA و عەبدولسەلام مەدەنى لە دەزگاى روانگە و لاڤە سەبرى لە ETTC بابەتەکان پێشکەشکران.
سەرەتا لەلایەن هۆگر بابان باس لە گرفتەکانى خوێندن و پەروەردەکرا لەلایەن ئاوارەکانەوە، بابان لە وتەکانیدا تیشکى خستەسەر گرنگى دابینکردنى سکۆڵەرشیپ و هەلى خوێندن بۆ ئاوارەکان و ڕەخساندنى هەلى گونجاو تا قوتابیانى ئاوارە لە دەرفەتى خوێندن بێبەش نەبن، لەهەمانکاتدا داتاکانى تایبەت بە خوێندنى منداڵان و گەنجانى ئاوارە و پەنابەران خستەڕوو، دواتریش تیشکى خستەسەر باسى ڕاهێنانى قوتابیان تا لەدواى قۆناغى خوێندن بتوانن ببنە خاوەنى کار و داهات.
دواتر لەلایەن د. حەیدەر تەویڵە بابەتێک پێشکەش کرا و باسى لە سندوقى هاوکاری نیشتەجێبوونى نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و تیشکى خستەرسەر هاوکاریکردنى ئاوارە و پەنابەران کرد بۆ نیشتەجێبوون، لە وتەکانیدا کۆمەڵێک داتاى تایبەت بە دانیشتوانى عێراق خستەڕوو، لە هەمانکاتدا قەیران و بەریەککەوتنە چەکداریەکانى عێراقى بە هۆکار زانى بۆ دوواخستن و پەکخستنى پڕۆژەکانى رێکخراوەکان، دواتر باسى لە دامەزراندنى کۆمەڵە سەنتەرێکى تایبەت کرد کە دواى قەیرانەکان بۆ بەرجەستەکردنى سەقامگیریى.
دواتر لەلایەن ئەندازیار عەبدولسەلام مەدەنى لە دەزگاى ڕوانگە بابەتێک پێشکەشکرا و گوتى: پێویستە لەسەرەتادا واقیعبین بین و گرفت و کێشە و حاڵەتەکان وەک خۆى ببینین تا دواتر بتوانین چارەسەر بدۆزینەوە، گوتیشى دەبێت حکومەت و رێکخراوەکان چارەسەرکانیان لە بازنەى پلانى ستراتیژى بێت و چارەسەرەکان لە داهاتووى دووردا بەردەوامى هەبێت، و گوتیشى: دەبینین لە هەموو شوێنێک پلانى درێژخایەن هەیە و پلان و بەرنامەى ڕەنگاوڕەنگ هەیە بەڵام بەشێوەیەک شاردراونەتەوە و پەکخراون کە لە دارستانێکى سەوزەوە بەرەو بیانێکى تۆزاوى دەچین و هۆکارەکانیش بریتیە لە دوورى گەنج لە واقیع و بەشداری پێنەکردنى گەنج.
دواتر لەلایەن لاڤە سەبرى لە ETTC بابەتێک پێشکەشکرا و گرفتەکانى ئاوارە و پەنابەرانى خستەڕوو، گوتى گرفتى ئاوارە و پەنابەران چینێک و دانیشتوانى شوێنێکى دیاریکراو توشى دەبن بەڵام چارەسەرکردن ئەرکى هەمووانە و هەموو لایەک دەبێت بەشداربن لە چارەسەرکردنى.
دواتر لەلایەن بەشداربووانەوە تاوتوێى بابەتەکان کرا و پرسیارەکانیش وەڵامدرانەوە.

"تواناکانى ئافرەتان و رۆڵى ئافرەت لە بەرجەستەکردنى بەها کۆمەڵایەتیەکان"
پانێڵى سێیەم لەلایەن د. سەبا خەیرەددین و عروبە مەجید لە دەزگاى KFD و هەردى مەحمود لە NDI و تاڤگە عومەر لە دەستەى مافى مرۆڤ و د. عالیە فەرەج مامۆستاى زانکۆ، بابەتەکان لەچوارچێوەى "تواناکانى ئافرەتان و رۆڵى ئافرەت لە بەرجەستەکردنى بەها کۆمەڵایەتیەکان" پێشکەشکران.
لەسەرتادا د. سەبا خەیرەددین بابەتێکى پێشکەشکرد لەسەر پلانەکانى بەرزرکردنەوەى توناکانى ئافرەتان و بڕینى بەربەستەکان و داواى کرد توناکانى ئافرەتان بەرزبکرێتەوە و دامەزراوە و دەزگاکان گرەنتى پاراستنى مافەکانى ئافرەتان بکەن.
دواتر لەلایەن هەردى مەحمود لە NDI بابەتێک پێشکەشکرا لەسەر پڕۆگرامەکانى NDI بۆ پاڵپشتى ئافرەت و پڕۆگرامى پەیمانگەى دیموکراسى ئەمریکى بۆ پتەوکردنى پەیوەندى نێوان هاووڵاتیانى عێراقى و پارتە سیاسییەکان و کارکردن لەسەر بنەماکانى ماف و دەسەڵاتى دادپەروەر.
دواتر لەلایەن د. سەبا خەیرەددین بابەتێک پێشکەشکرا لەسەر پەرەپێدانى تواناکانى ئافرەتان لە بوارى دیاریکردنى دینامیکى ناکۆکییەکان و چارەسەرکردنیان، و لە کۆتایى بابەتەکەیدا کۆمەڵێک پێشنیارى خستەڕوو بۆ کەمکردنەوەى و نەهێشتنى گرفتەکان و بەرقەرارکردنى سەقامگیریى.
دواتر لەلایەن تاڤگە عومەر بەڕێوەبەرى فەرمانگەى یاسایى لە دەستەى سەربەخۆى مافى مرۆڤ بابەتێک پێشکەشکرا و تیشکى خستەسەر لایەنە زانستیەکانى بەها کۆمەڵایەتیەکان و بنەما کەسیەتیەکانى تاک و دواتریش پەیوەندیەکانى مافى مرۆڤ و بەها کۆمەڵایەتیەکانى کرد.
دواتر لەلایەن دکتۆرە عالیە فەرەج مامۆستاى زانکۆى سلێمانى بابەتێک پێشکەشکرا لە بازنەى تواناکانى ئافرەتان و رۆڵى ئافرەت لە بەرجەستەکردنى بەها کۆمەڵایەتیەکان، و تیشکى خستەسەر سەنتەربوونى بەهاکان بۆ ڕاگرتنى پەیوەندى نێوان مرۆڤەکان و نێوان هەردوو ڕەگەز، دواتر باسى لە ڕەوشى ئافرەت و کەسایەتى ئافرەت کرد لەنێو خێوەتگەکان، دواتر لەڕێگەى وروژاندنى چەندین پرسیار ڕێگەکانى بەهێزکردنى تواناکانى ئافرەتانى ڕاستکردنەوە، لەپاشان تیشکى خستەسەر: ڕۆڵەکانى ئافرەت لە خێزان و کۆمەڵگە و گردبونەوەکان و ژینگە و بازنەکانى فێرکردن و ئەگەرەکانى بەردەم ئافرەت بۆ خۆپێگەیاندن.
دواتریش لەڕێگەى پرسیار و ڕاگۆڕینەوە کۆتایى بە پانێڵى سێیەم هات.

"ڕۆڵى ڕاگەیاندن بۆ دەستەبەرکردنى سەقامگیریى کۆمەڵگەیى"

پانێڵى چوارەم و کۆتایى تایبەت بوو بە ڕۆڵى ڕاگەیاندن بۆ دەستەبەرکردنى سەقامگیریى کۆمەڵگەیى و بابەتەکان لەو بازنەیەوە لەلایەن حاکم ئازاد نەقیبى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسان و مامۆستا سالم حاج نوسەر و ڕۆژنامەنووس و جەریر محەمەد ڕاوێژکارى ناوەندى نون بۆ لێکۆڵینەوەى ستراتیژى پێشکەشکران.
سەرەتا لەلایەن حاکم ئازادەوە بابەتێک پێشکەشکرا و تیشکى خستەسەر بەشێک لە کۆڕەوەکەى خەڵکى کوردستان لە ساڵى ١٩٩١ و ڕۆڵى میدیا جیهانییەکان تێیدا و گەیشتنى هەواڵى کۆڕەوى کوردان بە دونیادا و دواتر دەرچوونى بڕیارى ئەنجومەنى ئاسایش و ڕاگەیاندنى ناوچەى دژەفڕین و دروستکردنى شوێنى ئارام بۆ کوردانى باشوورى کوردستان، دواتر باسى لە ڕۆڵى میدیا کرد کە لەزۆر حاڵەتدا دەبێتە سەرچاوەى گەیشتنى هەواڵ و زانیاری بە دوژمن و لەو ڕوانگەیەشەوە ژمارەیەک کەرەستەى میدیاکاران دەستى بەسەردا گیراوە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکان، لە بەشێکى ترى وتەکانیدا گوتى: یاسا و پڕۆتۆکۆلە نێوخۆیى و هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان هۆکارن بۆ پاراستنى سەقامگیریى بەڵام زۆرجار کاریان پێناکرێت و پێشێلدەکرێن جا بەهەر هۆیەک بێت.
دواتر لەلایەن جەریر محەمەد ڕاوێژکارى ناوەندى نون بۆ لێکۆڵینەوەى ستراتیژى و سەرنوسەرى ڕۆژنامەى نەینەوا پەڕەگرافێک پێشکەشکرا کە تێیدا تیشکى خستەسەر گرنگى وتارى میدیایى ئاراستەکراو بۆ وەرگرى میدیایى کە دەبێتە جۆرە پەیامێک ئاراستە بکرێت کە ببێتە سەرچاوە و هۆکار بۆ دروستبوونى سەقامگیریى کۆمەڵگەیى و دواجار لەنێو گرفتە سیاسیەکاندا میدیا ببێتە هەوێنى پێکەوەژیان و دوانگەى بەیەکگەیشتنى لایەنە ناکۆکەکان و بەهێزبوونى سەقامگیریى و گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکى تەندروست و سەقامگیر، پێیستە ئەم هەوڵەش لەهەموولایەکەوە بێت بە حزب و پارت و رێکخراوەکان و دامەزراوەکانەوە.
لە کۆتاییشدا بەڕێز سالم حاج سەنوسەرى گۆڤارى الحوار بابەتێکى پێشکەشکرد و گوتى: گرنگى میدیا لاى هەمووان ڕوونە و پێشتر گوتراوە میدیا دەسەڵاتى چوارەمە و ئێستا لەلایەن زۆر کەس و دەزگاوە دەگوترێت میدیا دەسەڵاتى یەکەمە چونکە کاریگەرى ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆى دروستکردووە لەسەر سەرجەم دەسەڵاتەکانى تر، بۆیە میدیا بەشێکە لە کۆمەڵگەى مەدەنى.
گوتیشى: ئەرکى میدیا نییە سەقامگیریى کۆمەڵگەیى بەرهەمبێنێت چونکە ئەوە کارى دامەزراوە میرییەکان و رێکخراوەکانە، هەرچەندە میدیا کاریگەرى لەسەر سەقامگیریى هەیە، چونکە میدیا ئەرکى گەیاندنى واقیعە نەوەک شتى تر، دەبێ بڵێین بەرجەستەکردنى سەقامگیریى کارى میدیا نییە هەرچەندە ڕۆڵى گرنگى تێدا دەبینێتن.
بەڕێز سالم ئەلحاج گوتیشى: لەئێستادا میدیا بەهۆى پێشکەوتنە تەکنۆلۆژیەکانەوە دەتوانێت بەربەرستى کات و شوێن ببڕێت و کاریگەرى دابنێت لەسەر هەر تاکێک لە هەر کۆمەڵگەیەک بێت، لەوەشدا دەبینین بە نزیکەى سەدان کەناڵى عەرەبى بیرۆکەى تائیفى و مەزهەبى جێبەجێ دەکەن و بونەتە بەشێک لە پلانى خیتابى تێکچوونى کۆمەڵگە و پەیدابوونى شەڕى نێوخۆیى لە زۆرێک لە شوێنەکان.
لە کۆتاییشدا بە گفتوگۆ و ڕا گۆڕینەوە و پرسیار و وەڵام کۆتایى بە پانێڵى "ڕۆڵى ڕاگەیاندن بۆ دەستەبەرکردنى سەقامگیریى کۆمەڵگەیى" هات.

لە کۆتاییشدا پەیامى کۆنفرانس نوسرایەوە و پێشنیار و بۆچونەکان وەرگیران و بەیاننامەى کۆتایى کۆنفرانس ڕاگەیەنرا.

چاپ

پرێس کۆنفرانسەکان
چالاکیەکانی فەرمانگە بە ڤیدیۆ
فەرمانگە رێکخراوەکان لە فه يسبووك
ئه درێسى فەرمانگە بە نەخشە
krgngo

© 2012-2013 Krg NGO Design by: IT Staff