بە ڤیدیۆ.. وتارى سەرۆکى فەرمانگە لە مەراسیمى ڕاگەیاندنى سیستمى ئۆنلاین

352 جار بینراوە| لەرێکەوتى : 2018-04-17

بەناوى خواى گەورە و میهرەبان..

• دواى کۆشش و شەونخونى ستافى فەرمانگەکەمان و بەتایبەت بەڕێوەبەرایەتى زانیاریەکان، لەپاش توێژینەوەیەکى وورد و هەڵسەنگاندنى دۆخى ڕێکخراوەکان و حکومەت و بەراوردکردنى بە وڵاتانى پێشکەوتوو و گونجاندنى لەگەڵ دۆخى سیاسى و ئابوورى و تەکنیکى و ئیدارى و سەرخان و ژێرخانى حکومەت و بەتایبەت فەرمانگەکەمان، دوا بەدوواى پرس و ڕاوێژکردن بەکەسانى پسپۆڕ و شارەزایانى کەرتى ڕێکخراوەیى و بوارى تەکنۆلۆژیاى زانیارى، گەیشتینە ئەو بڕوایەى کە دەبێت پرۆسەى تۆمارکردنى ڕێکخراوە ناحکومییەکان بگەیەنین بە ئاستى وڵاتانى وڵاتانى پێشکەوتوو و بگەین بە پرۆسەى شەفافیەت و خزمەتگوزاریەکانمان بە ئاسانترین شێوە پێشکەش بکەین.
ئەم هەنگاوەى فەرمانگە لەکاتێکدایە کە فەرمانگە دەیەوێت هەنگاوێکى تر ببڕێت و بچێتە پێشەوە بۆ کەمکردنەوە و لەناوبردنى ڕۆتینى ئیداریى و گەڕاندنەوەى کات و ووزە و خەرجى بۆ خەڵک و حکومەت و گەیشتن بە ئاستێکى بەرزى داخوازیەکان.
فەرمانگە بۆ جێبەجێکردنى پلانى ستراتیژى خۆى کە بریتییە لە خزمەتکردنى کۆمەڵگە لەڕێگەى بەرەوپێشبردنى کەرتى ڕێکخراوەیى هەنگاوەکانى بەردەوام دەبێت.
• ئاشکرایە کە ڕێژەى ستافى فەرمانگە لە ڕێژەدا ژمارەیەکى زۆر کەمە، کە ئەم ڕێژە کەمە بۆ ڕاییکردنى مامەڵەى ئەو کەسانەى سەردانى فەرمانگە دەکەن و لەئاست ئەو فەرمانگەیەدا نییە کە ڕاستەوخۆ سەر بە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانە و خەریکى تۆمارکردن و بەدواداچوون و ڕاییکردنى کارە ئیدارییەکانى ڕێژەیەکى زۆر لە ڕێکخراوەکانە.

یەکێک لەو گرفتانەى کە ڕووبەڕوى فەرمانگەکەمان بۆتەوە لە ڕابردوودا بریتى بووە لەوەى کە فەرمانگەکەمان لە هیچ پارێزگا و شارێک نوسینگە یاخود هیچ لقێکى نییە و تەنها ئۆفیسى سەرەکى هەیە لە هەولێر، ئەوەش بۆیتە هۆى قورسکردنى ئەرکى سەرشانى فەرمانگە و ئەو کەسانەش کە مامەڵەکانیان دێنن بۆ فەرمانگە کە دەبێت ڕێگایەکى دوور و کاتێکى زۆر و خەرجی ماددى بکەوێتە ئەستۆیان
هەر لەم ڕوانگەیەوە فەرمانگە بۆ سووک کردنى بارى سەرشانى موڕاجیعەکانى و پێشکەشکردنى خزمەتگوزاریەکانى بەشێوەیەکى باشتر هەڵسا بە ڕاگەیاندنى سیستمى تۆماکردنى ئەلیکترۆنى ئۆنلاین.
• بەمشێویە لەجیاتى چەندینجار سەردانیکردنى فەرمانگەمان و بڕینى ڕێگاى دوور، ئێستا دەتواندرێت لە کاتێکى زۆر کورتدا خزمەتخواز لەماوەى (١٠ خولەک تا ١٥ خولەک) لەڕێگەى بەکارهێنانى سیستمى ئۆنلاین دەتوانێت ڕێکخراوێک تۆمار بکات.
فەرمانگەکەمان بۆ داهاتووش دەیەوێت کارەکانى ترى فەرمانگە کە بەشێکى بریتیە لە وەرگرتنى ڕاپۆرتى چالاکى و ڕاپۆرتە داراییەکان و کاروبارە کارگێڕییەکان بەشێکیان بە ئۆنلاین و بەشێکى تریشى تەنها بە ئەلیکترۆنى بکات بۆ فراونکردنى خزمەتگوزاریەکان و شەفافیەتى زیاتر و دوورکەوتنەوە لە ڕۆتین.
• بەڕێزان.. تێچووى دروستکردنى سیستمى تۆمارکردنى ئۆنلاین جێگەى پرسیارە کە ئایا بڕى تێچووى دروستکردنەکە چەند بووە؟ ئەویش ئەوەیە کە خۆشبەختانە بەهۆى بوونى ستافێکى شارەزا و غەمخۆر و چالاک لە فەرمانگەکەمان دروستکردنى ئەو سیستمە لەلایەن ستافى ئایـتى فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتى زانیاریەکانى فەرمانگە دروستکراوە و هیچ بڕە پارەیەک تێچووى نەبووە و دەخوازین لە داهاتووشدا نەیبێت.

 بەڕێزان.. سەبارەت بە داتاکان..
لەئێستادا ژمارەى ڕێکخراوە تۆمارکراوەکان لە فەرمانگەکەمان گەیشتۆتە (3795) ڕێکخراو، کە بەمشێوەیە دابەش بوون:
ڕێکخراوە لۆکاڵیە کوردستانییەکان (3305)
ڕێکخراوە بیانییە نێودەوڵەتییەکان (337)
تۆڕەکان (47)
ئەو ڕێکخراوانەى لە بەغدا تۆمارکراون و لە لە هەرێمى کوردستان بە ڕەزامەندى فەرمانگە کار دەکەن بریتیە لە (106) ڕێکخراو، و دواى ڕاگەیاندنى سیستمى تۆمارکردنى ئۆنلاین چاوەڕێ دەکرێت ڕێژەى تۆمارکردن بەرزتریش بێتەوە.
 بۆ هەمووان ئاشکرایە ڕێژەیەکى زۆر لە ڕێکخراوەکان چالاکانە بەردەوامن لە کار و چالاکییەکانیان و لە پڕۆژەکانیان هاوکارى حکومەت و کەرتەکان و تاکەکانى کۆمەڵگە دەکەن، لێرەوە جێگەى خۆیەتى سوپاسى حکومەت و فەرمانگە ئاراستەى سەرجەم ڕێکخراوە چالاکەکان بکەین کە شەو و ڕۆژ خزمەتەکانیان لەسەر خاکى کوردستان پێشکەش کردووە، بەتایبەت ئەو ڕێکخراوانەى لە بوارەکانى هاوکاریکردنى پەنابەران و ئاوارەکان و تەندروستى و بونیاتنانەوە و بوژاندنەوەى کوردستان لەسەجەم بوارەکان هەنگاویان ناوە و بەردوامن، هیواى سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین.

• جێگەى خۆیەتى لێرەوە سوپاس و پێزانینى تایبەتى خۆم بۆ بەڕێز جێگرى سەرۆکى فەرمانگە دەردەبڕم کە پاڵپشتێکى زۆر باش بووە بۆ سەرخستنى کارەکانى فەرمانگە و لەدایکبوونى ئەو سیستمە ئەلیکترۆنیە و سەرجەم کارەکانى ترى فەرمانگە.
لێرەوە گەرموگوڕى و بەردەوامبوونى سەرجەم بەڕێوەبەر و فەرمانبەران لەکارەکانیان بەرز دەنرخێنم کە کارەکانیان بەشێوەیەکى زۆر باش و چالاکانە ئەنجامداوە و نەبوونى موچە و قەیران لە کارکردن و دەوامکردن ساردى نەکردونەتەوە لە ڕاپەڕاندنى ئەرکەکانیان.
دووبارە دەستخۆشى لە ستافى تەکنەلۆژیاى زانیارى فەرمانگەم دەکەم سەرەڕاى نەبوونى موچە و بودجە بۆ کارەکانیان توانیویانە بەرهەمێکى کەم وێنە پێشکەش بکەن کە ئەویش بریتیە لە سیستمى تۆمارکردنى ئۆنلاین.
سوپاسى هەموو ئەو کەس و دەزگایانەش دەکەم کە وەک ڕاوێژکار و پاڵپشتى مەعنەوى پڕۆژەکە بوون و بڕیاریشە لە داهاتوودا سیستمەکە دەوڵەمەندتر بکەن.
دووبارە سوپاس بۆ ئامادەبوونتان.

کلیک بکە بۆ بینینى ڤیدیۆى پرێس کۆنفرانسەکە

چاپ

پرێس کۆنفرانسەکان
چالاکیەکانی فەرمانگە بە ڤیدیۆ
فەرمانگە رێکخراوەکان لە فه يسبووك
ئه درێسى فەرمانگە بە نەخشە
krgngo

© 2012-2013 Krg NGO Design by: IT Staff