سەرۆکى فەرمانگە: هەر هەموارکردنەوەیەک لە یاساى ڕێکخراوەکان دەبێت بۆ بەرەوپێشبردن بێت

1377 جار بینراوە| لەرێکەوتى : 2015-10-25

لە هەولێر، ٢٥-١٠-٢٠١٥ بە بەشدارى سەرۆکى فەرمانگە و جێگرەکەى و بەرپرسى بە ئۆنلاینکردنى تۆمارى ڕێکخراوەکان لە فەرمانگە و ژمارەیەک پەرلەمانتار و چالاکوانانى کۆمەڵى مەدەنى مێزگردى تایبەت بە ژینگەى یاسایى کۆمەڵى مەدەنى لە هەرێمى کوردستان (تۆمار) بەڕێوەچوو.

لە سەرەتاى مێزگردەکەدا بەڕێز سالار مەحمود سەرۆکى لیژنەى کۆمەڵى مەدەنى لە پەرلەمانى کوردستان وتەیەکى پێشکەشکرد و تیشکى خستەسەر ئەو ئەرکەى لە خولى پێشووى پەرلەمان بەجێگەیەنرا لە نوسینەوەى یاساى ڕێکخراوەکان و بەدیهێنانى ژینگەیەکى جیاواز لە پێشوو بۆ کارکردنى ڕێکخراوەیى.

دواتر لەلایەن بەڕێز ئەکرەم محەمەد سەرۆکى فەرمانگە تیشکخرایە سەر ئەو گۆڕانکاریە مەزنەى کە لە ژینگەى کارى ڕێکخراوەیى هاتۆتە ئاراوە دواى نوسینەوەى یاساى ڕێکخراوەکان و پێکهێنانى فەرمانگەیەک بۆ ئەو مەبەستە.

سەرۆکى فەرمانگە گوتیشى پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگیرێت هەر دەستکاری و هەموارکردنەوەیەک لە یاساى ڕێکخراوەکاندا بێتە کایەوە دەبێت بە ئاراستەى باشترکردن و بەرەوپێشبردن بێت نەوەک بە دیوێک بێت کە ببێتە شێواندن و قورسکردنى کارى ڕێکخراوەیى، چونکە لە ئێستادا هەرێمى کوردستان شانازى بە پرۆسە و کارەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى دەکات.

دواتر لەلایەن خاتوو لۆرینا بەرپرسى بەرنامەى بەشداریکردن (المشارکة) لە مێرسى کۆرپس وتەیەک پێشکەشکرا و ژینگەى کارى ڕێکخراوەیى لە هەرێمى کوردستان هەڵسەنگاند و بە ژینگەیەکى باش و گونجاوى وەسفکرد کە بە یاسایەک ڕێکخراوە و ئاسانکاریەکى زۆر بۆ کارى ڕێکخراوەیى کردووە و هەموو هاووڵاتییەک بۆى هەیە سوود لە یاساکە وەربگرێت.

بەشێکى ترى مێزگردەکە بە ئۆنلاین لەلایەن کەریم بەیار پێشکەشکرا و یاساى ڕێکخراوە ناحکومییەکانى لە هەرێمى کوردستانى بەرز هەڵسەنگاند و باسى لە چۆنیەتى تۆمارکردنى ڕێکخراو کرد لە چەند شونێکى جیاواز لە دونیادا و باسى لەو بڕگەیە کرد کە کارى ڕێکخراوەیى پێویستى بە تۆمارکردن نییە و مافێکى سروشتى هاووڵاتییە و ئەوەى خستەڕوو کە لە بەشێک لە وڵاتان بەشێوەیەکى ئۆنلاین ڕێکخراو تۆمار دەکرێت.

لە بەشێکى تردا د. دانا سەعید سۆفى پەلەمانتارى پێشوو تیشکى خستە سەر پێودانگە نێودەوڵەتییەکان بۆ کارى تۆمارکردنى یاسایى ڕێکخراوەکان لە جیهاندا و لە بەراوردێکدا گوتى یاساى ڕێکخراوەکان و دروستبوونى فەرمانگەى ڕێکخراوە ناحکومییەکان نا عەدالەتى نەهێشت لەنێوان ڕێکخراوەکان و ئەزموونى یەکەم و ئەو گۆڕانکاریانەى فەرمانگە هێنایە کایەوە بۆ کارى ڕێکخراوەیى بەرزنرخاند و بەرزبوونەوەى ڕێژەى ڕێکخراوەکانیشى بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە گرنگیپێدان لەلایەن هاووڵاتیانەوە بەدى دەکرێت بۆ کارى ڕێکخراوەیى.

لە بەشێکى تردا بەڕێز شوان مەحمود جێگرى سەرۆکى فەرمانگە پرۆسەى تۆمارکردنى ڕێکخراوەکانى لە فەرمانگە خستەڕوو و تێیدا وردەکارى پرۆسەکەى بەیانکرد و دواتر وەڵامى ئەو پرسیارانەى دایەوە کە لە پرۆسەکەدا دێنە کایەوە.
دواتر لەلایەن هۆگر چەتۆ بەراوردێکى زانستى لەنێوان هەردوو پرۆسەى تۆمار لە هەرێم و حکومەتى ناوەند کرا.

بەشێکى ترى مێزگردەکە تەرخانکرا بۆ چۆنیەتى تۆمارکردنى ڕێکخراو بۆ ئۆنلاین (سەر هێل) و لەلایەن بەڕێز زانا سالم بەرپرسى پرۆسەکە لە فەرمانگە ووردەکارى ئەو پرۆسەیە بە وێنە و زانیارى خرایە ڕوو و بە کۆتاهاتنى پرۆسەکەى ئاشکرا کرد کە بڕیارە لە ماوەیەکى کەم بەکاربخرێت.

لەکاتێکدا ئەم مێزگردە لەلایەن USAID و Mercy Corps پاڵپشتى کراوە و لەلایەن (جمعیة ایادى الرحمة الإنسانیة) و ڕێکخراوى پاو جێبەجێکرا.





چاپ

پرێس کۆنفرانسەکان
چالاکیەکانی فەرمانگە بە ڤیدیۆ
فەرمانگە رێکخراوەکان لە فه يسبووك
ئه درێسى فەرمانگە بە نەخشە
krgngo

© 2012-2013 Krg NGO Design by: IT Staff