ئەکرەم محەمەد: لەجیاتى ئەوەى بە پەنابەر بچینە دەرەوە دەبوایە ڕێکخراوەکانمان لە ئەوروپا لقیان بکردبوایەوە

1607 جار بینراوە| لەرێکەوتى : 2015-09-10

لە مەراسیمێکدا کە لەلایەن USAID و مێرسى کۆرپس ڕێکخرا بوو بۆ فراوانکردنى بەرنامەى هاوبەشیپێکردن لەڕێگەى کۆمەڵگەى مەدەنییەوە بەڕێز ئەکرەم محەمەد سەرۆکى فەرمانگەى ڕێکخراوە ناحکومییەکان وتارێکى پێشکەشکرد و تێیدا ڕەوشى کارى ڕێکخراوەیى لە کوردستان خستە ژێر ووردبینى و چەند داتایەکى ووردى لەبارەى کارى ڕێکخراوەیى و ئاییندەیان خستەڕوو.

دەقى وتارەکەى سەرۆکى فەرمانگە
بەڕێزان.. لە ئێستادا بارودۆخى ئاراستەکانى عێراق و کوردستان دەگۆڕین و بەشێوەیەک گۆڕانکارى دروستبووە خەریکە نا ڕوونى لە ئێستا و داهاتووى ئەم نیشتمانە دەبێتە مۆرکێکى زەق، بەڵام ئەو چین و توێژەى دەتوانێت ژمارەکان و ئاماژەکان بگۆڕێت دەبێت چالاکوانان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان بن، چونکە ڕێکخراوەکان لەلایەن کەسانى خۆبەخش و پسپۆڕ و خەمۆر بونیاتنراون و ئەوانەش دەتوانن گۆڕانکارى ڕیشەیى دروستبکەن، هێندەى ڕێکخراوەکان دەتوانن گۆڕانکارى دروستبکەن زۆرجار حکومەتە گەورەکان ناتوانن ئەو گۆڕانکاریانە بەدى بێنن، بۆیە ئەگەر سەیرێکى ئێستاى ڕێکخراوەکان بکەین ژمارەیەکى باشمان دەستدەکەوێت لە ژمارەدا، دەبینین تەنانەت لەسەرجەم سێکتەرەکاندا ژمارەى گەورە بەرجەستە بوونى هەیە، تەنانەت هەندێکجار پسپۆڕیى ڕێکخراوەکان زۆر وورد بۆتەوە و تونراوە ووردەکاریى لەکارى ڕێکخراوەیى لە کوردستاندا بەدى بێت، کە ئمە ئاماژەیەکى دڵخۆشکەرە.


داتا و ژمارەى ڕێکخراوەکان
ژمارەى سەرجەم ڕێکخراوە تۆمارکراوەکان گەیشتۆتە 2498 ڕێکخراو و لەو ژمارەیەشدا 2242 ڕێکخراو لۆکاڵییە و 58 عێراقى و 168 نێودەوڵەتى و 30 تۆڕ تۆمارکراون.
ژمارەى ڕێکخراوەکان بەپێى سێکتەرەکانیان دابەش دەبن بەسەر ٢٤ سێکتەر کە ئەوەش ژمارەکانیانە:-












کۆمەڵێک فاکتەر بونەتە هۆى بەرەوپێشبردنى کاریى ڕێکخراوەیى لە کوردستان، کە گرنگترینیان بریتی بووە لە یاساى ڕێکخراوەکان، کە لەلایەن پەرلەمانى کوردستانەوە لە ساڵى ٢٠١١ دەرچووە، نوسینەوەى ئەو یاسایە و دامەزراندنى فەرمانگەیەک لە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران بۆ ئەو مەبەستە و دواتریش بەرزبونەوەى ڕێژەى ڕێکخراوەکان، دەرخەرى ئەو پێناسەیە بووە کە لە کوردستاندا بۆ ڕێکخراوى ناحکومیى کراوە و ئاواتەخوازى بووین.
پڕۆژە و کاروچالاکیى ڕێکخراوە لۆکاڵەکان لە کوردستاندا بەشێکى بەهاوکارى حکومەتى هەرێم بووە و، بەشێکیشى بەهاوکارى و پاڵپشتى ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ئاژانسە جیهانییەکان بووە، بۆ ئەو مەبەستە لەسەر بودجەى ساڵى ٢٠١٣ حکومەتى هەرێم بڕى زیاتر لە ١٣ ملیار دینارى بۆ پاڵپشتى پڕۆژەى ڕێکخراوە ناحکومییەکان خەرجکرد، ئەوە جگە لەو ڕێژەى زۆرەى کە مانگانە دەیدات بە کۆمەڵە و سەنتەرە ڕۆشنبیریى و گروپە هونەرییەکان، بەڵام بەهۆى قەیرانى دارایى لەو ساڵەى کۆتاییدا نەمانتوانیوە پاڵپشتى دارایى ڕێکخراوەکان بین.
ئەو ڕاستیە ناشاردرێتەوە کە لە کوردستاندا ڕێکخراوەکان سوودمەندبوون لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە لەڕووى پاڵپشتى دارایى و ئاسانکارى بۆ کارەکانیان و بەخشینیان لە باج و گومرک و چەندین خزمەتگوزارى تریش.
لەگەڵ ئەوەدا زەمینە لەبارە بۆ کارى ڕێکخراوەیى لە کوردستان بەڵام، ئاستەنگەکانى بەرەوپێشبردنى کارى ڕێکخراوەیى لەگەڵ قەیرانە سیاسى و ئەمنى و ئابوورییەکان هاوتەریبن و، ئەوە ناشاردرێتەوە بەهۆى شەڕى داعش و قەیرانى دارایى و ئابووریى و پیشەسازى و نەبوونى هەلى کار و زۆربوونى ڕێژەى ئاوارە ئەرکى ڕێکخراوەکان زۆر قوڕس بووە و، ڕێکخراوە لۆکاڵەکان ناتوانن ئەو بارە گرانە بە تەنها هەڵبگرن.
جێگەى خۆیەتى سوپاسى ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و وڵاتەکانیان بکەین کە تواناکانیان و پارەکانیان لێرە دەخەنە خزمەتى کەمپى ئاوارەکان و خزمەتکردنیان و سووککردنى بارى سەرشانى حکومەت و ڕێکخراوەکان.
حکومەتى هەرێم لەڕێگەى فەرمانگەى ڕێکخراوە ناحکومییەکانەوە هەوڵى چڕکردنەوەى چالاکییەکانیداوە و، لەو بوارانەدا پاڵپشتى دارایى پێشکەشى پڕۆژەى ڕێکخراوەکان کردووە (کۆمەڵایەتى، ژینگە، پەروەردە، ئافەرتان، منداڵان، گەنجان، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، یاسایى، تەندروستى، ئابووریى، میدیا، بەرەنگاربوونەوەى ماددەى هۆشبەر و هاتوچۆ) لەو بوارانەدا کۆى سەرجەم پڕۆژەکانى فەرمانگەکەمان ٤٢٣ پڕۆە بووە بە بڕى 9,827,111,000 نۆملیار و هەشتسەد و بیست و حەفت ملیۆن دینار و سەدو یازدە هەزار دینار.
گرنگترین ئەو بوارانەى لەنێو پڕۆژە و کارەکان لە ئێستا و پێشووتر کارى بۆ کراوە بریتى بوون لە (بەشدارى مەدەنیانە و سیاسى بۆ تاکەکانى کۆمەڵگە، هەویە و ئینتیما، پەروەردە و فێرکردن، هەلى کار و تەندروستى، بەرجەستەکردنى ئاشتى، بەشداریکردنى ئافرەت لەسەرجەم کایەکان و دادپەروەریى و ئاشتى.
ئێمە لەلایەن خۆمانەوە وەک دەزگاى بەرپرس لە کاروبارى ڕێکخراوەکان بەرنامەڕێژى تەواومان کردووە بۆ پێداچوونەوە بە زەمینەى کارى ڕێکخراوەیى تا بۆ داهاتوو بگەین بەو ئامانجانەى یاساى ڕێکخراوە ناحکومییەکانى بۆ دەرچووە کە ئەویش خۆى دەبینێتەوە لە
ڕێکخستنەوەى ئیدارى ڕێکخراوەکان و بە موئەسەسە کردنیان.
کردنەوەى خولى بەهێزکردن و پەرەپێدانى تواناکانى دەستەى بەڕێوەبەرى ڕێکخراوەکان لەسەرجەم بوارەکان.
پەیداکردنى پاڵپشتى دارایى بۆ پڕۆژەکانیان لەناوە و دەرەوەى کوردستان.
بەهێزکردنى پەیوەندى ڕێکخراوە لۆکاڵییەکان لەگەڵ ناوەندە نێودەوڵەتى و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.
نەهێشتنى کەڵێنى نێوان حکومەت و ڕێکخراوەکان، کە فەرمانگە دەبێتە ڕایەڵەى ئەو پەیوەندییە.
بەشداریپێکردنى ڕێکخراوەکان لە جێبەجێکردنى بەرنامە و ستراتیژى حکومەت.
بەو پێیە ئەگەر ئێمە لەو شەش خاڵەدا سەرکەوتوو بووین، حکومەت و ڕێکخراوەکان دەتوانن ڕۆڵى کاراى خۆیان بگێڕن لەو بوارانەى کارى تێدا دەکەن و، ئەوکاتە ڕێکخراوە لۆکاڵییە کوردستانییەکان دەگەنە ئەو ئاستەى لەجیاتى ئەوەى ئەندامانیان بە پەنابەر بچنە دەرەوەى وڵات، بەڵکو لقى ڕێکخراوەکانیان لە دەرەوەى وڵات بکەنەوە و سەرخان و ژێرخانى جیهان بەهێز بکەن.

چاپ

پرێس کۆنفرانسەکان
چالاکیەکانی فەرمانگە بە ڤیدیۆ
فەرمانگە رێکخراوەکان لە فه يسبووك
ئه درێسى فەرمانگە بە نەخشە
krgngo

© 2012-2013 Krg NGO Design by: IT Staff