ئەم دیمانەیە لە لاپەڕە چوارى ژمارە 979 دووشەممەى 3/3/2014 بڵاوکراوەتەوە

2357 جار بینراوە| لەرێکەوتى : 2014-04-21

لە دیمانەیەکى تایبەتى رۆژنامەی یەکگرتوودا فازڵ عومەر سەرۆکى فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکان، باس لە پڕۆژەى رێکخراوەکان و چۆنیەتى خەرجکردنى بودجەى رێکخراوەکان و کار و چالاکیەکانى فەرمانگە لە ماوەى کەمتر لە ساڵێک دەکات.

ئەم دیمانەیە لە لاپەڕە چوارى ژمارە 979 دووشەممەى 3/3/2014 بڵاوکراوەتەوە.


لە دیمانەیەکی تایبەتدا فازڵ عومەر سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان بۆ ڕۆژنامەی یەکگرتوو باسی لە ئەرک و کارەکانی فەرمانگەکەیان کرد و تیشکی خستە بودجە و پڕۆژەی ڕێکخراوەکان کە لە ھەرێمی کوردستان کار دەکەن و باسی لە سیستمی پێدانی پڕۆژەی تایبەت و گشتی کرد.

یەکگرتوو: ئەرکەکانی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان چییە و چۆن کار دەکات ؟

فازڵ عومەر : فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان، یەکێکە لەفەرمانگەکانی گرێدراو بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و ئەرکی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە (١)ی ساڵی (٢٠١١)ی تایبەت بەڕێکخراوە ناحکومییەکانە، پێکھاتەو ئەرک و بەپرسیارییەتەکانی ئەم فەرمانگەیە بە پەیڕەوی ژمارە (٤) لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دیاریکراوە، تەنھا لایەنی ڕێپێدراوە بۆ سەرپەرشتی تۆماری ڕێکخراوە ناحکومییەکان و سەرپەرشتی وبەدواداچوونی کاری ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە ھەرێم لە ڕووی کارگێڕی ودارایی وھونەرییەوە دەکات و دەبێتە ڕایەڵەی پەیوەندی لە نێوان حکومەت و ڕێکخراوە ناحکومییەکان. لەچوارچێوەی پرۆسەیەکدا ھەڵدەستێت بەرێکخستنی کاروباری رێکخراوە ناحکومییەکان لەھەرێمی کوردستان ئەوانیش رێکخراوی (کوردستانی و عێراق و نێودەوڵەتی و تۆڕی رێکخراوەکان)ە لەڕووی پرۆسەی تۆمارکردن و پێشکەشکردنی ھاوکاری و پاڵپشتی دارایی بۆ ئەو پڕۆژانەی پێشکەشی دەکەن و، کاردەکات بۆ بەرزکردنەوەی ئاست و توانای رێکخراوە ناحکومییەکان. فەرمانگە کاردەکات بۆ باشترکردنی رەوشی کاری رێکخراوە ناحکومییەکان ودابینکردنی زەمینەی لەبار بۆ ئەوەی بتوانن ڕۆڵی کارای خۆیان ببینن بۆ بەدیھێنانی ئامانجەکانی دامەزراندنیان و، فراوانکردنی بازنەی بەشداری رێکخراوە ناحکومییەکان لە سەرجەم بوارەکاندا و دابینکردنی دەرفەتی یەکسان لە مامەڵەکردن لەگەڵ رێکخراوە ناحکومییەکان بە بێ جیاوازی.

یەکگرتوو: بوونی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان چی پێشکەشی ھاووڵاتیان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کردووە؟


بۆ ئەوەی لەبایەخ و گرنگی بوونی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان تێبگەین، دەبێت پێشتر لەو دەستکەوتە گەورەیە تێگەیشتبین کە خودی یاساکەیە ھەیەتی، چونکە ئەم یاسایە بەبڕوای ئێمە زادەی ئەو گەشەو بەرەوپێشچوونەیە کە ھەرێمی کوردستان لەڕووی کرانەوە و دیموکراسی بەخۆیەوە بینیویەتی، ئەم یاسایە نەتیجەی جۆرێک لە کۆدەنگی و قەناعەتی ھاوبەشە لەنێوان (حکومەت و پەرلەمان و خودی رێکخراوەکان بەھاوکاری رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان) ئەم یاسایە بە دانپێدانانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان یەکێکە لەیاسا ناوازە و گەشەسەندووەکان لەسەر ئاساتی ناوچەکە و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بەجۆرێک لەبازدانی نەوعی وەسفدەکرێت لە ریزبەندی یاساکاندا، لەئێستا ئەم یاسایە لەو وڵاتانەی گۆڕانکاری سیاسی تێیاندا روویداوە وەک ئەزموونێکی پێشکەوتوو سوودی لێوەردەگرن بۆ داڕشتنی یاسا لەم بوارەدا، خودی ئەم یاسایە دوو شتی زۆر جەوھەری تێدا کە دەلالەتی روونی گەشەی دیموکراسییە لەھەرێمی کوردستان، ئەویش لەلایەک ئەوەیە کە دروستکردن و دامەزراندنی رێکخراو وەک ماف وەسفدەکات، کە رێگە لە مومارەسەکردنی ناگیرێت، بەڵکو تەنیا لەڕێگەی یاساوە رێکدەخرێت، لەلایەکی دیکەوە جەوھەری یاساکە نیشاندەری ئەوەیە کە دەسەڵات لەم ھەرێمە سیقە و متمانەی تەواوی بە ھاووڵاتی خۆی پەیداکردووە و دەخوازێت لەڕێگەی پڕۆژەکانیانەوە بیانکات بە شەریک لە جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتەی حکومەت لەڕووی گەیاندنی خزمەتگوزارییەوە ھەیەتی، ئەم یاسایە پرسی بەرپرسیارێتی دابەشدەکات، گرووپ و ئەو کەسانەی لەدەوری ئامانجێک کۆدەبنەوە دەخاتە بەردەم بەرپرسیارییەک لە ئاوڕدانەوە لەسێکتەر و بوارە جۆراوجۆر و چین و توێژەکانی کۆمەڵگە. لەیاساکەدا ھاتووە کە ئەم یاسایە لەلایەن فەرمانگەیەک کە سەر بەسەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانە، بەناوی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان جێبەجێدەکرێت، ئەگەر فەرمانگە بەند و بڕگەکانی یاسای ژمارە (١) و رۆحی ئەو یاسایە جێبەجێ بکات (کەبڕوای ئێمە توانیوویەتی) بەدڵنیاییەوە رۆڵ دەگێڕێت لەبەرەوپێشبردنی کۆمەڵگەو رەوشی کاری رێکخراوەیی لەھەرێمی کوردستان، بەپێی ئەو تەمەنە کەمەی فەرمانگەکەمان ھەیەتی ھەم بۆ رێکخراوەکان توانیوویەتی زەمینەی گەشەکردن بڕەخسێنیت ھەم لەڕێگەی رێکخراوەکان و پڕۆژەکانیانەوە خزمەتێک ئاراستەی کۆمەڵگە بکات.

یەکگرتوو: بودجەی ڕێکخراوەکان لە ساڵی ٢٠١٣ چەند بوو و چەند پڕۆژەی گشتی و تایبەت بە ڕێکخراوەکان دراوە و بڕی پارەی دیاریکراو لە ١٥ ملیارەکە چەند بووە؟

فازل عومەر: بڕی (١٥ ملیار دینار) لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستان وەک بەشە بودجەی تایبەت بەپڕۆژەی رێکخراوەکان لە بودجەدا دیاریکراو و پەرلەمانی کوردستان لەخولی سێھەمیدا وەک خۆی ئەم بڕە پارەیەی پەسندکرد، بەڵام لەبەر ئەوەی فەرمانگەکەمان لەمانگی شوباتی ساڵی ٢٠١٣ دەستی بەکارەکانی کردوو، لەسەرەتای مانگی ٥ی ساڵی ٢٠١٣ دا دەستیکرد بەوەرگرتنی پڕۆژەی رێکخراوەکان، بۆیە تا ئەو بەروارە بەشێک لە بودجەی رێکخراوەکان کە بڕەکەی (٣ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دینار) بوو بەشێوازی مینحەی مانگانە لەچوارچێوەی سیستمی کۆندا سەرفکرابوو، بڕی پارەی ماوە کە (١١ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دینار) بوو بە بەرنامە بۆ ئەو پڕۆژەی رێکخراوەکان خەرجکرا، بەنەتیجە فەرمانگەکەمان ھاوکاری ئەو پڕۆژانەی کرد کە لەگەڵ سیاسەت و ستراتیژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان یەکیان دەگرتەوە، لەو میانەدا و لەچوارچێوەی ئەو دوو قۆناغەدا (٤٨٩) پڕۆژە لەکۆی نزیکەی (٦٠٠) پڕۆژە پەسندکران و پاڵپشتی داراییان بەنزیکەی (١٠ ملیار دینار) پێشکەش کرا.

لەچوارچێوەی ستراتیژی پاڵپشتی دارایی بۆ پڕۆژەی رێکخراوەکاندا و بۆ ئەم مەبەستە و لەپێناو گەشەدان و بونیاتنانی توانای رێکخراوەکان، (سێ پڕۆژەی تایبەتمان) بە سەقفی (٥١١ ملیۆن دینار ) پاڵپشتی کردووە، کە ماوەی جێبەجێکردنی ھەشت مانگە و ٤٢٠ رێکخراو لێی سودمەند دەبن، لەگەڵ چاپکردنی شەش رێبەری گرنگ بۆ کەرتی رێکخراوە ناحکومییەکان.

خاڵی سێھەمی ستراتیژی پاڵپشتی، پاڵپشتی پڕۆژەیە لەچوارچێوەی (یاداشتی لێکتێگەیشتن) لەم رێگەیەوە ھاوکاری سێ پڕۆژە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان لەبواری ( نۆرینگەی یاسایی) بەسەقفی ( ٣٠٠ ملیۆن دینار) پاڵپشتی کراوە کە یاداشتەکە لەگەڵ رێکخراو USAID ئەمریکی واژووکراوە، کە ئەوان بە ئیمکانیەتی خۆیان سەرپەرشتی پرۆسەکە دەکەن تا کۆتایی پڕۆژەکان. لەئێستادا فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان سەرقاڵی واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنە لەگەڵ رێکخراوی ICNL ئەمریکی، وەک پڕۆژەیەکی ھاوبەشی تایبەت بە (پڕۆسەی بەدواداچوون و ھەڵسەنگاندن)کە بەبڕی (١٥٢ ملیۆن دینار) بەشداری فەرمانگە دەکەن، و بەبڕی (٤٠٠ ملیۆن دینار) فەرمانگە دابینی دەکات.
فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان، بە سوود وەرگرتن لە خاڵەکانی تری ستراتیژەکەی کاردەکات بۆ ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەک لەگرنگترینیان چوار کۆنفرانسی ھەرێمایەتییە، بۆ رێکخستنی پەیوەندی نێوان رێکخراوە ناحکومییەکان لەگەڵ (حکومەت لەسەر ئاستی فراوان، کەرتی تایبەت، دەزگاکانی راگەیاندن، زانکۆکان).

یەکگرتوو: بودجەی پێشنیارکراو بۆ ئەمساڵ چەندە و شێوازی پڕۆژەکان لە پێشکەشکردن و ھەڵسەنگاندن و جێبەجێکردن و چاودێریکردنی پڕۆژەکان چۆن دەبێت؟

فازڵ عومەر: بە لەبەر چاوگرتنی ئەو گەشە بەرچاوەی لەسایەی یاسای ژمارە (١) و ھەوڵەکانی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان، ھەروەھا ئەو ستراتیژەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەیەتی و دەیەوێت بەدیبھێنێت لە پرۆسەی ھاوبەشی لەگەڵ رێکخراوەکان، فەرمانگەکەمان پێشنیاری ٥٠ ملیار دیناری وەک بەشە بودجە بۆ پڕۆژەی رێکخراوەکان کرد، دوای کۆبوونەوە لەگەڵ لیژنەی نووسینەوەی بودجە توانیان رازیمان بکەن کە لەم قۆناغەدا (٣٠ ملیار دینار) دابینبکەن، لەگەڵ بوونی ئەو ململانێیەی لەنێوان ھەولێر و بەغداد ھەیە، و لەبەرامبەر بڕینی بڕی دوو ترلیۆن دینار لە بودجەی ھەرێم بڕیاردرا سلفەکان بگێڕدرێنەوە سەر دۆخی ساڵی ٢٠١٣، لەگەڵ ئەوەشدا ھەوڵێک ھەیە بۆ ئەوەی لە رێگەی کەمپینێکەوە رێکخراوەکان لەکاتی تاوتوێ بودجە لەپەرلەمان زیادی بکەن. لەئێستادا دەرگای وەرگرتنی پڕۆژەی رێکخراوەکان کراوەتەوە کە لە ٢٠/٢ تا ٢٠/٣ - ٢٠١٤ دەخایەنێت، دوای وەرگرتنی پڕۆژەکان لیژنەی ھەڵسەنگاندن پێکدەھێندرێت، کە ئەندامی لیژنەکە نوێنەری ھەر چوار پارێزگا و دوو ئیدارەکەی تێدا دەبێت، دواتر بۆ پڕۆژە پەسندکراوەکان گرێبەست دەکریت و بەپێی وۆرک پلانی پڕۆژەکان بەدواداچوون و ھەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت.

یەکگرتوو: ڕێکخراوەکان لەکاتێکدا دەبێ خۆبەخش بن، بۆچی پڕۆژەکانیان بە بڕە پارەیەکی زۆر و تەنھا بە پارەی حکومەت ئەنجام دەدەن؟

فازڵ عومەر: پێشکەشکردنی پڕۆژە بەحکومەت و وەرگرتنی ھاوکاری دارایی بۆ جێبەجێکردنی لە ماھیەتی کاری خۆبەخشی کەمناکاتەوە، چەمک و کاری خۆبەخشی گرێداوی لایەنی دارایی نیە، بەو مانایەی کە دارایی ھەبوو ئیدی ناتوانی خۆبەخش بیت، ھەر ئەوەی مرۆڤ کات و وزەی خۆی بەمەبەستی گەیاندنی خزمەت بەبوارێک لەبوارەکانی ژیان تەرخانبکات، لەدەرەوەی سود و قازانج و نووسینی بەخزمەت، ئەمە کاری خۆبەخشیە، لەسەر ئاستی دوونیادا ئاوھا پەیڕەو لەم چەمکە دەکرێت، بەڵام سەبارەت بەوەی کە رێکخراوەکان تەنھا پشت بەھاوکاری حکومەت بۆ پڕۆژەکانیان ببەستن، ئەمە بابەتێکە قسەی زۆر ھەڵدەگرێت، ئێمە لەھەر شوێنێک و لەھەرکاتێکدا دەرفەتی ئەوەمان بۆ رەخسابێت ئەو راستیەمان بەڕێکخراوەکان گووتووە کە ئەگەر تەنھا پشت بەحکومەت ببەستن وەک سەرچاوەی دارایی، ئەوا ھێزی مانەوەیان کەم دەبێت، بۆیە ھەمیشە گوتومانە وا کاربکەن کە فەرمانگەیەک لەئارادانیە، بەدڵنیاییەوە ئەم ھەستە وزەتان دەداتێ بۆ مانەوە.

یەکگرتوو: فەرمانگەکەتان چ ستراتیژێکی ھەیە تا ڕێکخراوەکان پشت بەخۆیان ببەستن؟

فازڵ عومەر: فەرمانگەکەمان ئەرکیەتی کە گەشە بەتوانای رێکخراوەکان بدات تاببنە دامەزراوە، دامەزراوەیەک کە روئیا و ھیزی مانەوەو بەردەوامیی ھەبێت، چونکە بڕوای تەواومان ھەیە کە مەرجی دامەزراوەبوون ئەوەنیە کە ھەر سێ کەس بێن لە ژێر ناوێکدا رێکخراوێک تۆمار بکەن، ئەو کاتە دەبنە دامەزراوە کە بتوانن روئیای تەرجەمەکردنی پەیڕەوی ناوخۆی رێکخراویان ھەبێت بۆ سەر ئەرزی واقع، بەوەی لەڕووی کارگێڕییەوە خۆیان رێکبخەن و شێوازی خۆبەڕێوەبردن جێگیر بکەن و تۆمارەکانیان بەشێوەیەکی شەفاف رێکبخەن، لەھەمانکاتدا توانای پەیوەندیکردن و نوسینی پڕۆژە و گەڕان بەدوای سەرچاوەی داراییان ھەبێت لەدەرەوەی حکومەت لە چوارچێوەی پڕۆسەی (فەند رایزین)، بۆ ئەم مەبەستە فەرمانگە لەپاڵ پڕۆژەکانی بۆ بونیادنانی توانای رێکخراوەکان و ئامادەکردنی رێبەریی بۆیان تا وەک نەخشە رێگەیەک سودی لێوەربگرن، لەچوارچێوەی رێنمایدا پابەندیان دەکات و ھانیان دەدات تا پەیڕەوی ناوخۆی رێکخراوەکەیان پراکتیک بکەن، بەردەوامیش دەبێت تا رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان ھان بدات بۆ ئەوەی ھاوکاری رێکخراوە ناحکومییەکان بکەن لە پرۆسەی گەشەدان بەتواناکانیان.

یەکگرتوو: تا ئێستا چەند ساکاڵاتان لەسەر ڕێکخراوەکان تۆمارکردووە لەسەر پڕۆژەکانیان و چەند ڕێکخراو سکاڵایان لەسەر فەرمانگە تۆمارکردووە؟ ئەگەر ھەیە چۆنە و چەندە؟

فازڵ عومەر: فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە مومارەسەی پرۆسەیەکی نوێ دەکات تا ئێستا خۆی ھیچ سکاڵایەکی لەدژی ھیچ رێکخراوێک تۆمار نەکردووە، بەدڵنیاییەوە لەئایندەدا ئەگەر رێکخراوێک پابەند نەبێت بە پێشمەرجە یاساییەکانەوە ئەوا سکاڵایان لەبارەوە دەدات بەدادگا، بەڵام لەلایەن ھاووڵاتیان یان لەلایەن ئەندامانی چەند رێکخراوێکەوە سکاڵا لەدژی رێکخراوەکانیان پێشکەش بەفەرمانگەکراوە، و لەئێستادا چەند کەیسێک لەدادگایە و دوا بڕیاریش لەدادگایە. تەنھا یەک سکاڵا دژی فەرمانگە ئاراستەی داواکاری گشتی کراوە بەوەی پڕۆژەی تایبەت دراوە بە سێ رێکخراو، فەرمانگە رونکردنەوەی دەربارەی ئەو کەیسە ئاراستەی داواکاری گشتی کردووە.

یەکگرتوو: لە داھاتوودا فەرمانگە بەمشێوەیەی ئێستا پڕۆژەی تایبەت بە ڕێکخراوەکان دەداتەوە؟

فازڵ عومەر: بەدڵنیاییەوە لەسەر ئەو ستراتیژە بەردوام دەبین، پێمان وایە جیاوازی لەنێوان فەرمانگەیەکی تەقلیدی و فەرمانگەیەکی روئیەوی جێبەجێکردنی ئەو سترتیژەیە، ئەگەرنا ھەر کەسێک دەتوانێت فەرمانگەیەکی تەقلیدی بەڕێوەببات، من بەش بەحاڵی خۆم وەک سەرۆکی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان کە لە چوارچێوەی پەیڕوی ناوخۆی فەرمانگەدا دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی گشت کاروبارەکانی فەرمانگەم پێبەخشراوە ئەگەر نەتوانم ئەو ستراتیژەی دامانڕشتووە جێبەجێی بکەم، دەست بەرداری فەرمانگەیەکی تەقلیدی دەبم، دڵنیایش دەدەین ئەو گومانەی لەبەرامبەر فەرمانگە ھەیە بەوەی گەندەڵی کرووە و پارەی بەھەدەرداوە، لە ناھەقیەک دەرھەق بەفەرمانگە کراوە زیاتر شتێکی ترنیە، بۆ ئەم مەبەستەش چاوەڕوانی نەتیجەی کارەکانی داواکاری گشتی دەبین.

بۆ سەیر کردنى دیمانەکە بە PDF لە رۆژنامەى یەکگرتوو کلیک لێرە بکە

چاپ

پرێس کۆنفرانسەکان
چالاکیەکانی فەرمانگە بە ڤیدیۆ
فەرمانگە رێکخراوەکان لە فه يسبووك
ئه درێسى فەرمانگە بە نەخشە
krgngo

© 2012-2013 Krg NGO Design by: IT Staff