سەرۆكی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكان بۆ خەبات

1613 جار بینراوە| لەرێکەوتى : 2014-01-15

فازڵ عومەر، سەرۆكی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكان، لە گفتوگۆیەكیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی(خەبات) لەسەر چەند پرسێكی تایبەت بە ڕێكخراوە ناحكومییەكان دەدوێت، لەوانیش: مینحەی ڕێكخراوەكان و كاریگەری رێكخراوەكان لە هەرێمی كوردستان، هەروەها پرۆسەی تۆماركردنی رێكخراوەكان، لەلایەكی تریشەوە پرۆژەو بەدواداچوون بۆ كارەكانی رێكخراوە ناحكومییەكان، و چەند پرسێكی تر.

گفتوگۆی:عەلی بانیشاری-هەولێر

1410 رێكخراوی ناحكومی تۆماركراون

فازڵ عومەر، لەسەرەتای گفتۆگۆكەیدا ئاشكرای كرد كە لەسەرەتای دەستبەكاربوونی فەرمانگەی ریكخراوە ناحكومییەكان تائیستا لەلایەن هاوڵاتیانەوە بە مەبەستی دامەزراندن و تۆماركردنی رێكخراوی ناحكومی 1615 دۆسیە ئاراستەی فەرمانگەكەمان كراوە، لەو رێژەیە 1410 رێكخراو تۆماركراوون و 205 دۆسیەش لە پرۆسەی وردبینی كردندان و لەگەڵ تێپەڕبوونی كات ئەوانیش تۆمار دەكرێن، وتیشی" فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكان ماوی 11 مانگە دەستی بەكارەكانی خۆی كردووە، كە لەپەیوەند بە پرۆسەی تۆماركردن و پاڵپشتی كردنی دارایی بۆ پرۆژەی رێكخراوە ناحكومییەكان، هەنگاوی جددی ناوە، بەدڵنیایەوە ڕۆڵی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكان لە ساڵی2014 فراوانتر دەبێت و كاریگەی لەسەر بەرەوپێشچوونی رەوشی كاری رێكخراوەی زیاتر دەبێت.


لەبارەی تۆماری رێكخراوە ناحكومییەكان، فازڵ عومەر گوتی" بەپێی یاسای ژمارە1ی ساڵی 2011 ی پەڕلەمانی كوردستان كە یاساكە تایبەتە بە ڕێكخراوە ناحكومییەكان رێكخراوەكان تۆمار دەكرێن، فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكانیش وەكو لایەنی جێبەجێكاری یاساكە بەڕەچاوكردنی ئەو بڕگەو مادانەی كە لە یاساكەدا هاتوون دەرگای كردوەتەوە بۆ تۆماركردنی رێكخراوەكان و پێدانی بڕوانامەی تۆمار پێیان، كە بەپێی یاساكە هەر 3كەس دەتوانن لەبوارێك لە بوارەكاندا رێكخراو دابمەزرێن".

"زۆرترین رێكخراو لە پارێزگای هەولێر تۆماركراوە"

بەپێی ووتەی سەرۆكی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكان زۆرترین رێكخراو لە سنوری پارێزگای هەولێر تۆماكراوە، هەولێر 686رێكخراو، پاشان سلێمانی 326 رێكخراە، دواتر دهۆك152 رێكخراو، كەركوك 95رێكخراو، ئیدارەی گەرمیان38، ئەمەو بێ لە بوونی66رێكخراوی نێودەوڵەتی و 27رێكخراوی عێراقی و 13 تۆڕی رێكخراوە ناحكومییەكان، كەبەفەرمی تۆماركراوون.
لەبارەی داخستن و ڕاگرتنی كاروچالاكی رێكخراوەكانەوە، بەرپرسی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكان ئاماژەی بەوەدا تائێستا هیچ رێكخراوێك دانەخراوە، هەر هاوڵاتیەك دۆسیەی پێشكەش كردبێت و كۆك بوبێت لەگەڵ مەرجەكانی یاسای رێكخراوە ناحكومییەكان دۆسیەی ڕەتنەكراوەتەوە.

پێدانی مینحەو بوونی پرۆژەكان
فازڵ عومەر دەڵێت" بەپێی یاسای نوێی رێكخراوە ناحكومییەكان دەكرێت رێكخراوەكان بارەگایان نەبێت واتە بوونی بارەگا مەرج نیە"، لەبارەی پرۆژەی رێكخراوەكان و پێدانی مینحە بەو رێكخراوانە گوتی" ئێمە 11 مانگ تێپەڕ دەبێت بەسەر دەست بەكاربوونماندا لەو ماوەیەدا پاڵپشتی دارایمان پێشكەشی 489 پرۆژەی رێكخراوە ناحكومییەكان كردووە ".

هەروەها دەشڵێت " ئێمە پاڵپیشتی ئەو پڕۆژانە ئەكەین كە تەواوكەری بەرنامەی كار و ستراتیژی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەدڵنیشەوە ئەو ستراتیژە ئامانج لێی گەیاندنی خزمەتگوزارییە بەهاوڵاتیان.

ناوبراو گوتیشی" بۆ ساڵی 2013 بڕی 15ملیار دینار لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پرۆژەی رێكخراوەكان دابینكرا، و لەلایەن پەرلەمانی كوردستان وەك خۆی ڕەزامەندی لەسەر پیشاندرا، 3تا كاتی دەستبەكاربوونی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكان لەلایەن وەزارەتی دارایی بەشێوازی كۆن كە شێوازی مینحەی مانگانەبوو، بڕی 3ملیار 700 ملیۆن دینار بە 214ڕێكخراوی ناحكومی تاكۆتای مانگی 4ی 2013درابوو، ئەوەی لەبەر دەستی فەرمانگەدامابووەوە 11 ملیارو 300 ملیۆن دیناربوو، ئەم بڕەش بەدوو قۆناغ بۆ پاڵیشتی دارایی رێكخراوەكان سەرفكرا، لەلەنێوان مانگی 5 بۆ 9ی 2013 نزیكەی 650 پرۆژە پێشكەش بەفەرمانگەكەمان كراوە، دوای ئەوەی لەلایەن لیژنەیەكی هاوبەش لەنێوان فەرمانگە و رێكخراوە ناحكومییەكان بەپرۆسەی هەڵسەنگاندندا تێپەڕین لەو ڕێژەیە 489 پرۆژەیان لەسەر ئاستی هەرێم پاڵپشتی داراییان پێشكەشكراوە".

ئایا لێپرسینەوە لە رێكخراوەكان دەكرێت؟

لەو بارەیەوە سەرۆكی فەرمانگە وتی" بەلێ لێپرسینەوە لە رێكخراوەكان دەكرێت، بە پێی ئەو ۆرك پلانەی دانراوە بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكانیان، ئەوەی ئێمە توانیبێتمان سەردانی پڕۆژەكەیمان كردووە، پاشان هەر ڕێكخراوێك بەرپرسە لەوەی لە دوای تەواوبوونی پرۆژەكەی ڕاپۆرتی چالاكییەكان و دارایی بنێریتەوە بۆ فەرمانگەوە، فەرمانگەش لەلایەن خۆیەوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەكات".

لەبارەی ئەوەی كە ئاخۆ رێكخراوەكان دەتوانن لەسەر ئاستی هەرێم كاربكەن و ئەو مافەیان هەیە؟ ئەی كاری رێكخراوەكان چییە؟ فازڵ عومەر گوتی" بەڵێ رێكخراوەكان دەتوانن لەسەرتاسەی كوردستانیش كاربكەن و ئەوە مافەیان هەیە، ووتیشی ڕەنگە ڕەخنە سەرە ئەدای كەرەكانیان هەبێت، بەڵام توانیوویانە كاری جددی بكەن و ئەم كەرتە بەئەندازەیەك گرنگە كە كۆمەڵگەی كوردی خاڵی لەم كەرتە كۆمەڵگەیەكە نەقصی دەبێت، بۆ نموونە لە هەرێمی كوردستان هەوڵێك هەیە بۆ بۆژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری لەڕێگەی كەرتی تایبەت، ئەوەی كە ئێستا هەیە نزیكەی18 هەزار كۆمپانیای لۆكاڵ و زیاتر لە2400 كۆمپانیای بیانی یە، ئەمانە كار لەسەر بوژاندنەوە ژێرخانی ئابووری كوردستان دەكەن، لەپاڵ ئەمەدا سەرخانی كۆمەڵایەتی هەیە ئەم سەرخانە ئەركی بەرەو پێدانی دەكەوێتە ئەستۆی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، وەكو بڵاوكردنەوەی وشیاری...هتد، چونكە ئەمانە ئامانجی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنین".
پڕۆژەی نوێ

فازڵ عومەر لەبارەی پرۆژەی نوێی فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكومییەكانەوە ئاماژەی بەوە دا لە ئێستادا چوار كۆنفرانسی هەرێمایەتی لەبەردەستدایە، كۆنفرانسێكیان بریتیە لە( ڕێكخستنی پەیوەندی نێوان كەرتی تایبەت و رێكخراوە ناحكومییەكان)، چونكە پێمان وایە دەبێت كەرتی تابیەت هاوكاری كەرتی ڕێكخراوە ناحكومییەكان بێت، پاشان كۆنفرانسێك تایبەت بە (پەیوەندی نێوان رێكخراوەكان و دەزگاكانی ڕاگەیاندن) بەو پێیەی رێكخراوەكان و راگەیاندن هاو ئامانجن، كۆنفرانسێك كە پەیوەندی نێوان( حكومەت و رێكخراوەكان) رێكدەخات، كۆنفرانسێكیش بەئامانجی پتەوكردنی پەیوەندی نێوان نێوان( رێكخراوەكان و زانكۆكان) .
لەبارەی پرۆژەكانەوە زانییاری زیاتری خستەڕوو گوتی" پرۆژەیەكی گەورەمان بەناوی پرۆژەی گەشەدان بە توانایی رێكخراوەكان كە ئەویش بە سەقفی 511 ملیار دینار لەسەر ئاستی كوردستان جێبەجێ دەكرێت و لە قۆناغی یەكەم 425 رێكخراو وەردەگیرێت، پرۆژەیەكی تر بە مەبەستی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی كاری رێكخراوەكان بە ئاڕاستەی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنی كاری ڕێكخراوەكان".

هەروەها وتیشی" پرۆژەیەكی تر هەیە لەگەڵ 5 رێكخراوی بواری ترافیك ، بەرنامەی كۆنفرانسێكی هەرێمەیەتی هەیە بۆ ئەوەی هەمواری یاسای هاتووچۆ بكرێت و هۆشیاری هاتووچۆی زیاتر بڵاوبكرێـتەوە".

لەكۆتایشدا فازڵ عومەر، سەرۆكی فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومییەكان باسی لەوە كرد بۆ ساڵی2014 دوای بری50 ملیار دیناریان كردووە، دوای ئەوەی لەگەڵ لیژنەی نوسینەوەی بودجە دانیشتون و گفتووگۆیان كردووە گەیشتوونەتە ئەوەی كە15 ملیارەوە كە پێشتر هەبووە بكرێت بە30 ملیار، بۆ ئەوەش سیاسەت و ستراتیژێكی نوێیان بۆ رێكخراوەكان داناوە كە هانیان دەدەن لەو شوێنانەدا هاوكاری پرۆژەكانی حكومەت بن كە حكومەت دەستی پێی ناگات.

چاپ

پرێس کۆنفرانسەکان
چالاکیەکانی فەرمانگە بە ڤیدیۆ
فەرمانگە رێکخراوەکان لە فه يسبووك
ئه درێسى فەرمانگە بە نەخشە
krgngo

© 2012-2013 Krg NGO Design by: IT Staff