دەقی دیمانەی گۆڤاری سڤیل لەگەڵ سەرۆکی فەرمانگە

1661 جار بینراوە| لەرێکەوتى : 2013-06-25

دەقی دیمانەی گۆڤاری سڤیل لەگەڵ سەرۆکی فەرمانگە
سڤیل: بیلال سەعید
سەرۆکی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکانی ھەرێمی کوردستان بە(سڤیل)ی راگەیاند، ژمارەی رێکخراوە ناحکومییەکان لەکوردستان گەیشتوەتە ٦٨٣ رێکخراو و زۆرترینی لەھەولێرە.
ھەرچەندە پێش دروستبوونی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان، ٦٧٥ رێکخراو لەوەزارەتی ناوخۆی ھەرێم تۆمار کرابوون، بەڵام دوای دامەزراندن و دەستبەکاربوونی فەرمانگەی ناوبراو ژمارەی ئەو رێکخراوانەی بەمەبەستی تۆمارکردنی ناوەکانیان سەردانی فەرمانگەکەیان کردووە، گەیشتووەتە ٦٨٣ رێکخراو.
فازڵ عومەر، سەرۆکی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکانی ھەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات، کە تەنھا ٥٣٠ رێکخراو لەو رێکخراوانە بەڵگەنامەی تۆمارکردنی پێبەخشراوەو ژمارەکەی دیکەش لەپڕۆسەی وردبینیکردندان.
بەپێی وتەی فازڵ عومەر، ٣٨٥ رێکخراو لەکۆی ٥٣٠ رێکخراوە تازە دامەزراون و ١٠٣ رێکخراوی دیکە، کە پێشتر مۆڵەتیان ھەبووە خۆیان گونجاندووەو ١٣ رێکخراوی عێراقی و ٢٧ رێکخراوی بیانی و دوو رێکخراوی تۆڕی رێکخراوەکان لەفەرمانگەکەیان تۆمارکراوە.

سەرۆکی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکانی ھەرێمی کوردستان، دووپاتیدەکاتەوە، کە ژمارەی رێکخراوەکان لەشارێکەوە بۆ شارێکی دیکە جیاوازە، بەڵام زۆرترین ژمارەی ئەو رێکخراوانە کەوتوونەتە سنووری پارێزگای ھەولێرەوە، کە ژمارەیان ٢٥٢ رێکخراوەو لەسلێمانیش ١٤٥ رێکخراو و لەدھۆک ٥٢ رێکخراو و لەکەرکوکیش ٤٣ رێکخراو تۆمارکراون.

فازڵ تێبینی ئەوەی کردووە، کە رێژەی ئەو رێکخراوانەی تازە دادەمەزرێن زیاترە بەبەراورد لەگەڵ رێکخراوە تۆمارکراوەکان و ١٥ی حوزەیرانی ئەمساڵیشی بەدوا وادەی تۆمارکردنی رێکخراوەکان دیاریکرد.
گەرچی ئەو ژمارەیەی باسدەکرێت بەلای بەشێک لەڕۆشنبیران و رۆژنامەنوسانەوە ژمارەیەکی ئیجگار زۆرە بۆ رێکخراوە ناحکومییەکانی کوردستان، بە بەراورد بەژمارەی دانیشتوان و رووبەری ھەرێمی کوردستان، بەڵام فازڵ ئاشکرایدەکات کە ئەوان نین مۆڵەت دەدەن بەڕێکخراوەکان، “بەڵکو یاسا رێگەی بەدروستبوونی ڕێکخراوەکان داوەو ئێمەش بەپێی یاسا کار دەکەین.
سەرۆکی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان جەختیش دەکاتەوە، کە ئەو ژمارەیە زۆر نییەو دەڵێ “بەڕای من بۆ ھەرێمی کوردستان کە ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی ٥ ملیۆن کەسە، ھەبوونی ھەزار یان دوو ھەزار و سێ ھەزار رێکخراو ژمارەیەکی زۆر نییە.
ئەو بەرپرسەی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان وڵاتی ئەستۆنیا بەنموونە دەھێنێتەوە، کە دوای ئازادبوونی لەژێر دەسەڵاتی یەکێتی سۆڤییەت لەساڵی ١٩٩٢ ژمارەی دانیشتووانەکەی تەنھا ملیۆنێک و سێ سەد ھەزار کەس بووە، بەڵام ٣٣ ھەزار رێکخراوی ناحکومی لەوڵاتەکەدا کاریان کردووە.

فازڵ کاتێک باسی ئەزموونی وڵاتێکی وەک ئەستۆنیا دەکات، جیاوازییەکانی نێوان ئەو وڵاتە و ھەرێمی کوردستانیش ناشارێتەوەو پێی وایە کە دیموکراسییەت لەھەناوی کۆمەڵگەی ئەستۆنی لەدایکبووە، لەکاتێکدا ھەرێمی کوردستان دیموکراسییەتی ئەوروپی دەگوازێتەوە.

ئەو بۆچوونیشی وایە، کە ئێستا دەرفەتی باش رەخساوە بۆ پێکەوەکارکردنی حکومەت و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمەڵگەی بێ ڕێکخراویش بەکۆمەڵگەیەک دەشوبھێنێت کە کەموکورتی تێدایە.
بەپێی تۆمارە فەرمییەکانی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکانی کوردستان، ئەو رێکخراوانەی تۆمارکراون لەبوارە جیاجیاکاندا کار دەکەن و سەرۆکی فەرمانگەکەش ئومێدی ئەوە دەخوازێت کە رێکخراوەکان بتوانن کۆمەڵگەی کوردی بگەیەنن بەقۆناغێکی دیکەو لەئاستی ئەو ئامانجانە بن، کە لەپەیڕەو و پڕۆگرامی خۆیان دایانڕشتووە.

لەیەکەمین قۆناغی وەرگرتنی پڕۆژەی رێکخراوە ناحکومییەکان لەلایەن فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکانەوە، کە لەسەرەتای مانگی نیسانی رابردوو دەستیپێکرد و ماوەی بیست رۆژی خایاند، ٢٧٣ رێکخراو و ٢٢٣ پڕۆژەیان پێشکەشکردووە، کە تایبەت بوون بەو سێکتەرانەی لەلایەن حکومەت و ھاووڵاتیانەوە بایەخیان پێدەدرێت.

فازڵ عومەر ئاماژەی بەوەدا کە “لەکۆی ئەو پڕۆژانەی پێشکەش کراون، تەنھا ١٢٦ پڕۆژە پەسەندکراون و ٩٧ پڕۆژەش بەھۆی بوونی کەموکورتییەوە رەتکراونەتەوەو لەئێستاشدا بەھاوکاری رێکخراوەکان کار بۆ پڕکرندنەوەی کەموکورتییەکان دەکەین.

بەپێی وتەکانی ناوبراو یەکێک لەئامانجە گرنگەکانی فەرمانگەکە لەمساڵدا وەرگرتنی زۆرترین پڕۆژەیە بەمەبەستی خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵگەی کوردستان.

لەیاسای بودجەی پەسەندکراوی ساڵی ٢٠١٣ی ھەرێمی کوردستاندا بڕی پانزە ملیار دینار بۆ فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان تەرخان کراوەو سەرۆکی فەرمانگەکەش ئاشکرایدەکات، تا کۆتایی مانگی ئایاری ئەمساڵ بڕی سێ ملیار و حەوت سەد ملیۆن دینار بەشێوازی پێشووتر دراوە بەڕێکخراوەکان و “بڕەکەی دیکەش بە سێ فەیس دەدرێت بەفەرمانگەکە و تا ئێستاش تەنھا یەک فەیسی وەرگیراوە.

سەرۆکی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان دووپاتیکردەوە، کە لەئێستادا تەنھا رێکخراوە ناحکومییە خۆماڵییەکان دەتوانن لەو بودجەیە سوودمەند بن، بەڵام ئاشکراشیکرد “ھەوڵدەدەین لەساڵی ئایندەدا ڕێکخراوە عێراقی و بیانییەکانی ناو ھەرێمیش سوودمەندبن لەبودجەکەو مەبەستیشمان لەو ھەوڵدانە ئەوەیە کە ڕێکخراوە عێراقی و بیانییەکان کێبڕکێ بکەن لەنێوان خۆیاندا بۆ ئەنجامدانی کار و چالاکی زیاتر.

چاپ

پرێس کۆنفرانسەکان
چالاکیەکانی فەرمانگە بە ڤیدیۆ
فەرمانگە رێکخراوەکان لە فه يسبووك
ئه درێسى فەرمانگە بە نەخشە
krgngo

© 2012-2013 Krg NGO Design by: IT Staff