فەرمانگەی رێکخراوەکان لە تەرازووی رێکخراوەکاندا

1757 جار بینراوە| لەرێکەوتى : 2013-06-11

ئا: چرکە

لەگەڵ راگەیاندنی کردنەوەی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان دوو دیدی جیاواز لەسەر ئەو فەرمانگەیە دروست بوو، یەکێک پێی وابوو ئەو فەرمانگەیە ھەوڵێکی مەدەنی و سەرەتایەکە بۆ نەھێشتنی ئەو پاشاگەردانی و بەھەدەردانی ئەو داھاتای لەبواری پێدانی منحەی مانگانەی رێکخراوەکان ھەبووە، بەپێچەوانەی ئەمەش بەشێک لەچالاکوانان پێیان وابوو ئەو فەرمانگەیە لەبری گەشەپێدان دەبێتە ھەوڵێک بۆ کۆنترۆڵکردنی کاری رێکخراوەیی و لەڕێگەی بڕینی مینحەی مانگانە بەدەیان رێکخراو ناچار دەبن دەرگای کارەکەیان دابخەن و ستافەکانیان بچێتەوە ماڵەوە. ھەر لەدەستپێکی کردنەوەی ئەو فەرمانگەیە لە راگەیاندنیدا بڕیار درا کە دەرگای تەقدیم کردنی پڕۆژە لەلایەن رێکخراوەکانەوە کراوەتەوەو رێژەیەکی زۆر لە رێکخراوەگان پڕۆژەیان پێشکەشی ئەو فەرمانگەیە کرد و لەچەند رۆژی رابردووشدا ئەنجامی پڕۆژەکان راگەیەندرا، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت رێژەیەکی کەم لە پڕۆژەکان لەلایەن ئەو فەرمانگەیەوە پەسەندکراون. لەلێدوانێکی تایبەتیش فازڵ عومەر سەرۆکی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکانی ھەرێمی کوردستان تایبەت بە چرکە دەڵێت" لەکۆی (٢٢٣) پڕۆژە کە ئاراستەی فەرمانگەکەمان کراوە، (١٤٣) پڕۆژەیان پەسەندکراون، تەنیا (٨٠) پڕۆژە رەتکراوەتەوە، ئەگەر رەچاوی ئەم داتایە بکەین، ئەوا دەیسەلمێنێت کە رێژەیەکی زۆر لە پڕۆژەکان پەسەندکراون".

زۆر کەس پێیان وایە کە ھەڵسەنگاندنی پڕۆژەکان بابەتییانە نەبووە، بەڵام بەپێچەوانەی ئەمە
فازڵ عومەر رەتیدەکاتەوە کە "پێموانییە زۆر کەس پێی وابێت، ئەمە رەنگە تەنیا رای بەشێک لەو کەس و رێکخراوانە بێت کە پڕۆژەیان ئاراستەی فەرمانگەکەمان کردووەو پڕۆژەیان پەسەند نەکراوە، پاشان ھەڵسەنگاندنی پڕۆژەی رێکخراوەکان لە رێگەی لیژنەیەکەوە بووە، کە لەسەر داوا و پێشنیاری خودی رێکخراوەکان بووە، بەوەی نوێنەرایەتی سەرجەم پارێزگاکانی (ھەولێر، سلێمانی، دھۆک، کەرکووک و ئیدارەی گەرمیان)ی لەخۆی گرتووەو لیژنەکەش ھەوڵیداوە بەو پێوەرانە ھەڵسەنگاندن بکات کە بە بەشداری رێکخراوەکان لەچوارچێوەی پڕۆژەی راوێژکاری بەردەوام لەڕابردوودا ئامادەکراوە، کە بەڕوونی دیارە چۆن خاڵ بەسەر بڕگەکانی پڕۆژەیەکدا دابەش دەبێت، رەنگە ئەو پەرچەکردارە گونجاو نەبێت کە پەسەند نەکردنی پڕۆژەیەک بەبابەتی نەبوونی ھەڵسەنگاندنەکان دەبەستێتەوە.

لەبارەی ئەوەی ئایا لە پەسەندکردنی پڕۆژەکاندا حساب بۆ شوێن و پێگە و شتی دیکەی رێکخراوەکان کراوە، فازڵ عومەر دەڵێت"ئەوەی لە ھەڵسەنگاندنی پڕۆژەی رێکخراوەکاندا رەچاوکراوە، ناوەڕۆکی پڕۆژەکە و شێوازی ئەنجامدان و واقیعیەتی بودجە بووە، جا ئەو پڕۆژەیە ھی ھەر شوێن و کەسێک بێت، ئەگەر مەبەستت لە شتی دیکە بوون و نزیکی رێکخراوێک بێت لە بیر و بۆچوون و ئینتمایەکی سیاسی، بەدڵنیاییەوە بەھیچ شێوەیەک رەچاوی ئەمە نەکراوە، بە ئەرکی خۆمانی نازانین ئەوەی ئەرکی ئێمەیە وەک فەرمانگە و وەک پەیامێکیش گەیاندوومانەتە لیژنە، کە دەبێت ئیش لەسەر جەوھەری پڕۆژەکان و ئاستی ئەو خزمەتگوزارییە بکرێت کە پڕۆژەکە دەیەوێت بیگەیەنێت".

زۆر کەس پێیوایە کە وەرنەگرتنی زۆرێک لە پڕۆژەی تەقدیمکراوی رێکخراوەکان لەلایەن فەرمانگەی رێکخراوەکانەوە کاری رێکخراوەیی لە کوردستان پەکدەخات، بەڵام سەرۆکی فەرمانگەی رێکخراوەکان (فازڵ عومەر) بۆچوونێکی پێچەوانەی ھەیە و باس لەوە دەکات "بەدڵنیاییەوە، بەڵام ئێمە نەک ئەم کارەمان نەکردووە، بەڵکو خۆمان ھانی رێکخراوەکانمان داوە بۆ ئەوەی پڕۆژەکانیان ئاراستەی فەرمانگە بکەن، بۆ سەلماندنی ئەم راستییەش دوای تەواوبوونی وادەی وەرگرتنی پڕۆژە چەند جارێک دەرفەتەکەمان درێژکردەوە بۆ ئەوەی زۆرترین پڕۆژەمان بەدەست بگات، ئەوەی کە گەیشتووەتە فەرمانگە وەک خۆی خراوەتە بەردەم لیژنەی ھەڵسەنگاندن، تەنیا یەک رێکخراویش پشتگوێ یان پەراوێز نەخراوە".
ئێمە لێرەین لەم فەرمانگەیە بۆ تۆمارکردن و ھاوکاری پڕۆژەی رێکخراوەکان، لێرەنین تا بەمەبەست پڕۆژەی رێکخراوەکان رەت بکەینەوە، من لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی تایبەت بە راگەیاندنی ئەنجامی کارەکانی لیژنەی ھەڵسەنگاندن ئاماژەم بەوەکرد، کە خۆشحاڵم بەوەی کە (١٤٣) پڕۆژە پەسەند کراوە، بەڵام خۆشحاڵنیم بەوەی کە(٨٠) پڕۆژە رەتکراوەتەوە، ئێوە ئەوە دەزانن لەھەموو پرۆسەیەکدا دەرچوون و دەرنەچوون ھەیە، من حەزم دەکرد ھەموو پڕۆژەکان دەرچن، بەڵام ئەو پارەیەی لەبەردەستی ئێمەدایە قووتی خەڵکە، دەبێت بدرێت بە پڕۆژەیەک کە خزمەت بەو خەڵکە بگەیەنێت.
ئەگەر رێکخراوێک پێیوابێت غەدری لێکراوە، ئەوا دەتوانێت پەیوەندی بە فەرمانگەکەمانەوە بکات چ لەڕێگەی ماڵپەری فەرمی بە پڕکردنەوەی فۆڕمی سکاڵا و چ لەڕێگەی راستەوخۆ سەردانکردنی فەرمانگە.

لەکۆتا قسەکانیدا فازڵ عومەر: ئاماژە بەژمارەی ئەو رێکخراوانە دەکات کە لە ھەرسێ پارێزگاکەی ھەرێمی کوردستان تۆمارکراون و دەڵێت "بەپێی ئەو داتایەی تا ئەم لەحزەیە لەبەردەستماندایە لەسەرەتای دەستکردنی فەرمانگە بەکارەکانی (٦٨٣) رێکخراو سەردانی فەرمانگەکەمانی کردووە، لەو رێژە (٥٣٠) رێکخراو بەڵگەنامەی تۆماری پێبەخشراوە، (١٥٣) دۆسیەش لە پرۆسەی وردبین کردندان. لەکۆی ئەو (٥٣٠) رێکخراوەی کە بەڵگەنامەی تۆماریان وەرگرتووەتەوە. (٣٨٥) رێکخراویان تازە دامەزراوون، ھەروەھا (١٠٣) رێکخراو کە پێشتر مۆڵەتیان ھەبووە خۆیان گونجاندووە. لەگەڵ ئەوەشدا (١٣) رێکخراوی عێراقی و (٢٧) رێکخراوی بیانی و (٢) تۆڕی رێکخراوەکان تۆمارکراوون.
لەئێستادا بەپێی پارێزگاکان:
پارێزگای ھەولێر (٢٥٢) رێکخراوە.
پارێزگای سلێمانی (١٤٥) رێکخراوە.
پارێزگای دھۆک (٥٢) رێکخراوە.
پارێزگای کەرکووک (٤٣) رێکخراوە.

چاپ

پرێس کۆنفرانسەکان
چالاکیەکانی فەرمانگە بە ڤیدیۆ
فەرمانگە رێکخراوەکان لە فه يسبووك
ئه درێسى فەرمانگە بە نەخشە
krgngo

© 2012-2013 Krg NGO Design by: IT Staff