دەقی دیمانەی رۆژنامەی چاودێر لەگەڵ سەرۆکی فەرمانگە

1807 جار بینراوە| لەرێکەوتى : 2013-04-25

دەقی دیمانەی رۆژنامەی چاودێر لەگەڵ سەرۆکی فەرمانگە، سەبارەت بەھەندێک پرسی پەیوەنددار بە رێکخراوە ناحکومییەکان وفەرمانگەی رێکخراوەناحکومییەکان چۆنێتی مامەڵەکردنی لەگەڵ رێکخراوەکان و تێڕوانینی بۆ پێگە و کاریگەریان، رۆژنامەی چاودێر ئەم دیمانەیەی سازکرد.

دیمانە: چاودێر

چاودێر: بودجەی رێکخراوەکان چەندە وە بەپێی چ پێوەرێک ئەو بودجەیەی خەرج دەکەن؟
فازل عومەر: بڕی دیاریکراو لە بودجەی ھەرێمی کوردستان بۆ پڕۆژەی رێکخراوەکان، دوای ئەوەی لەلایەن حکومەتی ھەریمی کوردستان دیاریکرا ١٥ ملیار دینارە و پەرلەمانی کوردستان ئەم بڕەی پەسندکردووە،. بەپێی یاسایی ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠١١ی تایبەتە بە رێکخراوە ناحکومییەکان، لەلایەن فەرمانگەکەمانەوە ئەم بڕە پارەیە بە بەرنامە بۆ ئەو پڕۆژانە خەرج دەکرێت کە لەلایەن رێکخراوە ناحکومییەکانەوە پێشکەش بە فەرمانگەکەمان ئەکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش لەلایەن فەرمانگەکەمانەوە بەڕاوێژ لەگەڵ رێکخراوە ناوخۆی و نێودەوڵەتیەکان، پاکێجی تایبەت بە پڕۆژەی رێکخراوەکان ئامادەکراوە، کە تیایدا تەواوی ئەو پێوەر و رێوشوێنانە ھەیە کە دەبێت رێکخراوەکان لەکاتی پێشکەشکردنی پڕۆژەکانیاندا رەچاوی بکەن، ئەم پاکێجە لە ماڵپەڕی فەرمی فەرمانگەکەمان بلاو کراوەتەوە، فەرمانگەکەمان ھاوکاری ئەو پڕۆژانە ئەکات کە لەگەڵ سیاسەت و ستراتیژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان یەک یەنەوە و توانای گەیاندنی خزمەتگوزاریان ھەیە بەھاوڵاتیان، لەڕێگەی سێکتەرە جۆراو جۆرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابوری و فەرھەنگی...ھتد. کۆی ئەو پڕۆژانەی پێشکەشی ئێمە دەکرێت، لە پێناو شەفافیەت و رەخساندنی دەرفەتی یەکسان لەبەردەم رێکخراوەکان بە شێوەیەکی داد پەروەرانە، لیژنەیەک ھەڵسەنگاندنیان بۆ ئەکات کە نوێنەری رێکخراوەکان و کەسایەتی شارەزا و چالاکوانانی بواری کۆمەڵگەی مەدەنی تیایدا ئەندامن.

چاودێر: ئایا لەکوردستاندا ژمارەی رێکخراوە ناحکومیەکان چەندە، ئەگەر بەراورد بکرێت بەڕێژەی دانیشتوانء کارەکانیان رەنگە بەشێکیان ھیچ پێویست نەبن، ئایا ئێوە ھیچ پێداچونەوەیەکتان بەو رێکخراوانەدا کردۆتەوە؟ یان لەسەر چ بنەمیاک ئەم رێکخراوانە پۆلێنکراون؟
فازڵ عومەر: ئەزمونی کاری رێکخراوەیی لەھەرێمی کوردستان مێژوییەکی قوڵی نیە، بەتایبەت لەو شوێنەدا کە پەیوەندی بەرێکخراوە ناحکومییەکانەوە ھەیە، لەساڵی ١٩٩٩ دوای دەرچوونی بڕیاری ژمارە ٢٩٧ و یاسایی ژمارە ١٥ی ساڵی ٢٠٠١ دەست پێدەکات، تا دەستپێکردنی فەرمانگەکەی ئێمە، ژمارەی ئەو رێکخراوانەی لە رابردوودا مۆڵەتیان وەرگرتوە دەگاتە ٦٧٥ رێکخراو، بەبەراورد بەرێژەی دانیشتوان لەھەرێمی کوردستان رێژەکە زۆر نیە، بۆنموونە وڵاتی "ئەستۆنیا" کەڕێژەی دانیشتوانەکەی یەک ملیۆن سێ سەد ھەزار نەفەرە، (٣٣) ھەزار رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی ھەیە، بە بۆچوونی ئێمە بوارەکانی ژیان بە رەھەندە کۆمەڵایەتی و سیاسی وئابوری و فەرھەنگیەکەیەوە لەھەرێمی کوردستان پێویستی بەرێکخراوگەلێکە کەتواناکانی خۆیان بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی کە ھەیە بخەنەگەڕ، بەڵام لەڕووی کوالتیەوە رەنگە جێگای خۆبێت بڵێن رێکخراوەکان بەو رێژەیەی لەھەرێمی کوردستان ھەن، لەئاستی پێویستدا نین و نەیانتوانیوە ببنە بەشێک لەپێداویستیەکانی کۆمەڵگا، نەیان توانیووە لەئاستی ئەو پێناسەیەدابن کە بە پردی پەیوەندی نێوان کۆمەڵگاو دەسەڵات وەسفیان دەکات، نەیان توانیووە ئەو بڵندگۆیەبن کە دەنگی ھاوڵاتیان گەورەتر دەکات بۆ گەیشتن بەمافەکانیان، لەگەڵ ئەوشدا بێویژدانیە بڵێن رۆڵیان نەبووە بەپێی ئەو ھەڵومەرجەی ئەو رێکخراوانە تیایدا دروستبوون، رێکخراو ھەیە بەفیعلی رێکخراوە و چالاکە لەھەمانکاتیشدا رێکخراو ھەیە خۆی بەبەرۆکی کاری رێکخراوەیدا ھەڵواسیووە، رەنگە بۆگەیشت بەسەرچاوەیەکی دارایی یا بۆ بەرژەوەندییەکی تایبەت دروستبوبێ.
چاودێر: کەواتە رێکخراو ھەیە تەنھا ناوی ھەیە وناوەرۆکی نیە؟
فازل عومەر: رێکخراو ھەن لەڕووی یاساییەوە کەسایەتی مەعنەویان بەدەستھێناوە، بەڵام ئامادەبوونیان وەک پێویست نیە ئاستی کاریگەریان بەو شێوەیە نیە، کەببنە ھۆکارێک بۆ پرکردنەوەی بۆشاییەک لەبۆشاییەکانی کۆمەڵگا، ھەڵبەت ئەوەی دەیڵێین رەھانیە و نیسبیە.
چاودێر: لێرەدا رۆڵی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومیەکان چی دەبێ؟
فازل عومەر: یاسای ژمارە(١)ی ساڵی ٢٠١١ تایبەت بە رێکخراوە ناحکومییەکان، دوو ئەرکی میکانیکی خستۆتە ئەستۆی فەرمانگەکەمان، یەکەم پرۆسەی تۆمارکردنە، تۆمارکردنی ھەر رێکخراوێکی ناحکومی ( ناوخۆیی، عێراقی، بیانی و تۆڕی رێکخراوەکان) کە دەیانەوێت لە ھەرێمی کوردستان کار بکەن لەلایەن فەرمانگەکەمانەوە جێبەجێدەکرێت.دووەم پێدانی ھاوکاری ماددییە، دوای ئەوەی فەرمانگەمان ساڵانە دەرگای وەرگرتنی پرۆژە دەکاتەوە لەچوارچێوەی بەرنامەیەکی دیاری کراودا ھاوکاری پێشکەشی ئەو پڕۆژانە دەکات.
بەڵام یەکێکی تر لەئەرکەکان کە ئەرکێکی جەوھەرییە و فەرمانگەکەمان خۆی بۆ ئامادەکردووە، بەرزکردنەوەی توانای رێکخراوەکانە لە رێگەی دروستکردنی لینکی پەیوەندی لەنێوان رێکخراوە ناوخۆییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان بەمە بەستی کردنەوەی خوڵ و راھێنان و مەشقی جۆراوجۆر بۆ ئەوەی رێکخراوەکان بتوانن لەسەر پێی خۆیان بووەستن و بەشداری جددی بکەن لەبوژاندنەوەی سەرخانی کۆمەڵایەتی و بەدیھێنانی ئەو ئامانجانەی کە لە پەیڕەوی ناوخۆی رێکخراوەکانیاندا ئاماژەیان پێکردووە لە خزمەتی کۆمەڵگا و رەھەندەکانی کۆمەڵگا و چین و توێژەکانی دایە. لەلایەکی ترەوە دروستکردنی لینکی پەیوەندی لەنێوان رێکخراوەکان و وەزارات و دامەزراوەکانی تری حکومەت وبەمەبەستی بەدەستھێنانی سودی ھاوبەش، ھەروەھا دروستکردنی لینکی پەیوەندی لەنێوان رێکخراوەکان و کەرتی تایبەت بەمەبەستی سودوەرگرتنی رێکخراوەکان لەسەرچاوەی تری داھات لەدەروەی حکومەت. فەرمانگەکەمان تەرکیزی جددی لەسەر ئەم ئەرکە ئەبێت و لەئایندەدا ھەوڵەکانی خۆی لەم پێناوەدا ئەخاتەگەڕ.
چاودێر: زۆر کات دەبینین ھاوڵاتیان بەتایبەت گەنجان متمانەیان بەو رێکخراوانە نیە، چونکە پێان وایە ژمارەیەک لەرێکخراوە ناحکومییەکان پیشەییانە کارەکانیان ناکەنء بەرژەوەندیی حزبء شەخسی تێیدا زاڵە؟ ئایا ئێوە پێتانوایە دەبێت رێکخراوی ناحکومی چۆن کار بکات و چ گرەنتیەک ھەیە بۆ دوربون لەدەستی حزب؟
فازل عومەر: ئەو بۆچونە خاڵی نیە لەراستی، لاوازبوونی ئەم متمانەیە پەیوەندی بەوەوە ھەیە کە رێکخراوەکان نەیانتوانیووە ببنە بەشێک لەجەستەی کۆمەڵگا و لەو ئاستەدا کاریان نەکردووە کە ھاوڵاتیان ھەست بکەن بوونی رێکخراوەکان گرنگی تایبەتی ھەیە، بۆنموونە ھاوڵاتیان بەدروستکردنی (خوێندگا و مزگەوت و بنکەی تەندروستی، باخچەی ساوایان ... ھتد) لەگەڕکەکەیان خۆشحاڵ دەبن، بەڵام کاتێک رێکخراوێک یان ناوەندێک دەچێتە گەڕەکەکەیان ھەست بە بێزاری ئەکەن، ھۆکاری ئەمە ئەوەیە کە رێکخراوەکان نەیان توانیووە ئەو متمانەیە لەلای ھاوڵاتیان دروست بکەن، کە بوونیان بەمانای یارمەتیدان و ھاوکاریکردنی ئەوانە بۆ گەیشتن بەمافەکانیان، ئەمە و ێڕای ئەوەی ھەندێک لەڕێکخراوەکان بەجێگای کارکردن بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بەھاوڵاتیان، بۆگەیشت بەسەرچاوەیەکی دارایی و بەدیھێنانی بەرژەوەندیە تایەبەت دروستبوون، ئەو بۆچوونەش راستە کە ھەندێک لەرێکخراوەکان ئەوندەی ئامانجی سیاسیان ھەبووە، ھێندە ئامانجی بەدیھێنانی خواستەکانی خەڵکی نەبووە، کۆمەڵگای کوردیش کۆمەڵگایەکی سیاسیە و دابەش بووە بەسەر فکرو ئایدیای جیاوازدا، بۆیە ئەگەر رێکخراوێکیش نزیک بێ لەپارتێکی سیاسی بەڵام متمانەی خەڵکی بەدەستھێنابێ دەتوانێ کاریگەری ھەبێ بەسەر کۆمەڵگاوە، بۆیە ئەگەر بەرێژە باسی بکەین بەشێک لەرێکخراوەکان لەئاستی پێویستدانین و نەیانتوانیوە متمانە لەنێوان خۆیان و ھاوڵاتاین دروست بکەن.
ئێمە ھەموو ھەوڵی خۆمان ئەخەینە گەڕ کە رۆحی یاساکە کە یاسایەکی گەشە سەندووە و بەدیان پێدانانی رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان یەکێک لەگەشەسەندوترین یاساکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستە، گرەنتی ئەوەمان وەرگرتوە کە رۆحی یاساکە وەک خۆی جێبەجێ بکەین بەبێ دەست تێوەردان و لەھیچ کەسێکیش قبوڵ ناکەین و رێگە نادەین یاسا شکێنیمان پێبکات، بۆخۆم گرەنتی ئەم لەجەنابی سەرۆکی حکومەت وەرگرتووە، چونکە جێ بەجێکردنی یاساکە خزمەت دەگەیەنێت بە خەڵک، رێکخراوەکان، حکومەت، حزب، ئایندەی ئەم نەتەوە و ھەرێمە.
چاودێر: دەوترێت رێکخراوە ناحکومەییەکان، بودجەیەکی باش لەحکومەت وەردەگرنء چالاکییەکی کەمیان ھەیە ئایا ئێوەش راتان وایە؟
فازل عومەر: لەڕابردوودا حکومەتی ھەرێم بەنیەتی بەشداری پێکردنی رێکخراوەکان لەبوژاندنەوەی سەرخانی کۆمەڵایەتی، لەکاتی دروستبوونیاندا ھاوکارییەکی مانگانەی ماددی پێشکەش دەکردن، ئەوەمان ووت کە ھەندێک رێکخراوە دروستبوون لەپێناو گەیشتن بە سەرچاوە ماددییە ، بۆیەئەگەر رێکخراوێک بۆ ئامانجێکی یەقینی دروستنەبوبێ ئەوا بەدڵنیاییەوە ناتوانێ کار بۆ بەدیھێنانی ئەو ئامانجەبکات کە لەروکەشدا ئاماژەی پێداوە، بەنەتیجە کاریگەریشی لەسەر کۆمەڵگا وەکو پێویست نابێت. یاسایی نوێ ئەمەی چارەسەرکردووە بەوەی لەمەودوا ھاوکاری رێکخراوەکان لەسەر ئەساسی پڕۆژەکانیان ئەبێت ھەر رێکخراوێک پڕۆژەی جددی ھەبێت بەدڵنیاییەوە ئەتوانێت ھاوکاری وەر بگرێت.
چاودێر: باس لەوەدەکرێت کە بەشێکی زۆری رێکخراوەکان بەشێوەیەکی تەقلیدیء کلاسیکیانە کارەکانیان دەکەنء لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کوردستاندا ئەوان لەجێگەی خۆیاندانء گۆڕانیان بەسەردا نەھاتوە؟ ئێوە لێکدانەوەتان بۆ کاری رێکخراوەکان چییە؟
فازل عومەر: لەبەر ئەوەی لەرابردوودا رەھەندە سیاسیەکەی ژیان لەھەرێمی کوردستان رەھەندێکی زەقتربووە، رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی پێیان وابووە کارکردن لەسەر ئەو رەھەندە ھۆکارێکە بۆ گەشەکردن و دەرکەوتن و بەرەوپێشچونیان، کە بەبڕوای ئێمە رەھەندەکانی تری ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابوری و فەرھەنگی کەمترنین لەرەھەندە سیاسیەکەی ژیان، رێکخراوەکان ئەگەر بیانەوێ کۆمەڵگا ھەست بکات کە رێکخراوەکان گرنگی تایەبتیان ھەیە دەبێ بچنەوە ناو ژیانی کۆمەڵایەتی لەوێوە ئەسپی خۆیان تاوبدەن واتە داببەزنە ناو خەڵک و لەناو خەڵکدا چالاکیەکانیان ئەنجام بدەن لە چوارچێوە تەقلیدیە دەربچن کە لەناو ھۆڵە داخراوەکان و ھۆتێلەکان کۆبوونەوەی خۆ بۆ خۆ ئەنجام بدەن، ئەمە دەبێتە ھۆکار بۆ بەستنەوەیان بەکۆمەڵگا، ئەوکاتەش کۆمەڵگا دان بەوەدادەنێت رێکخراوەکان بونیان گرنگی تایبەتی ھەیە.
چاودێر: دەوترێت رێکخراوە ناحکومییەکان کەمترین رۆڵیان ھەبوە لەھۆشیارکردنەوەی کۆمەڵی کوردستانء کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵ وەک پێویست نەبوە؟ ئایا چی رێیەک ھەیە تا ئەو رێکخراوانە بەرۆڵی خۆیان ھەڵنەستن؟
فازل عومەر: لەپەیوەند بەپرسی ھۆشیاری و بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاری کۆمەڵگا ئەبێت ئەوە بڵێین کە کاریگەری چالاکی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی شتێک نیە بەرجەستەبێت بتوانین دەستی لێبدەین، بەڵکو بریتیە لەپێدانی زانیاری و ھۆشیارکردنەوە ئەگەر بەراورد بکەین ئێستا و دەساڵ لەمەوبەر خەڵک لەئێستادا چاوکراوەترن لەوری مەعریفیەوە گەشەیان کردووە ئەمەش نەک بەتەنھا رێکخراوەکان بەڵکو دەزگاکانی راگەیاندن و ناوەندەکانی خوێندن و فەزاری سیاسی و کۆمەڵایەتی کاریگەریان ھەبووە، و بێگومان پشکێکی ئەم کاریگەرییە پەیوەندی بە ئامادەبوونی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیەوە ھەیە، بەڵام ئەگەر لەبارەی ئامادەبوونی رێکخراوەکان لەھاوڵاتیان پرسیار بکەین، بێگومان چەندەھا بۆچونمان گوێ لێدەبێ بەوەی رێکخراوەکان پارەدەخۆن یان کاریگەریان نیە یان تەنھا بۆ گەیشتن بەماف و ئیمتیازاتی تایبەت دروستبوون، ھەموو ئەوشتانە دەدرێنە پاڵ رێکخراوەکان کە رەنگە ئەم قسانە زیادەرۆیی تێدابێ بەڵان خاڵیش نین لەراستی و ئەگەر دیدی کۆمەڵگا لەسەر ھەڵسەنگاندنی رێکخراوەکان وەربگرین لەو ئاستەدا نەبوون کە کۆمەڵگا بەپێویستیان بزانێ، پێشیان وایە رێکخراوەکان داکۆکیکار نین لەماف و خواست و داواکاریەکانیان و بۆیە کاریگەریان لەسەر ھاوڵاتیان وەک پێویست دروستنەکردووە.
چاودێر: بەشێک لەچالاکوانان دەڵێن، حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھیچ گرنگییەک بەرێکخراوە ناحکومییەکان ناداتء لەگرنگیی ئەو رێکخراوانە تێناگات؟ ئێوە دەڵێن چی؟
فازل عومەر: پێموایە دەرچوونی یاسایی ژمارە(١)ی ساڵی ٢٠١١، ئەوە دەر ئەخات کە دەسەڵات و حکومەت لەم ھەرێمە متمانەی تەواوی بەھاوڵاتیانی خۆی ھەیە، بەوەی ھانیان ئەدات لەچوارچێوەی رێکخراوی جۆراوجۆردا خۆیان رێک بخەن، لەڕێگەی ئەو ئامانجە ھاوبەشانەی لەسەری کۆک ئەبن و لەپێناویا رێکخراو دروست ئەکەن خزمەتی کۆمەڵگە و بوارەکان و چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بکەن، حکومەت و ھەموولایەک لەو راستیە گەیشتووین کە حکومەت دەستی بەسەرجەم بوارەکان راناگات، پێویستە بەشێک لەئەرکەکانی بخاتە ئەستۆی ناوەند و رێکخراوەکان و ھاوکاریان بێت لەبەدیھێنانی ئەو ئامانجانەی خزمەت بەھاوڵاتیان و کۆمەڵگەدەکات.

چاپ

پرێس کۆنفرانسەکان
چالاکیەکانی فەرمانگە بە ڤیدیۆ
فەرمانگە رێکخراوەکان لە فه يسبووك
ئه درێسى فەرمانگە بە نەخشە
krgngo

© 2012-2013 Krg NGO Design by: IT Staff