دەقی دیمانەی گۆڤاری رێچکە لەگەڵ سەرۆکی فەرمانگە

2177 جار بینراوە| لەرێکەوتى : 2013-04-23

بۆ زیاتر ئاشنابوون بەکاروچالاکیەکانی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان، گۆڤاری ڕێچکە لە نزیکەوە دیدارێکی تایبەتی لەگەڵ سەرۆکی فەرمانگە سازدا، سەبارەت بەدامەزرانی ئەم فەرمانگەیە و وپڕۆژە و ئامانجیان ھەروەھا پەیوەندییان لەگەڵ ڕێکخراوەکان و خزمەتکردنیان و چەندین پرسی گرنگتر لەم دیدارەدا بڵاودەکەینەوە.

ڕێچکە: وەک ئەوەی ئاگادارین لەکابینەی شەشەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئێوە ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەت بوون بۆکاروباری ڕێکخراوەکان، دەتوانن بڵێین بوونت بەسەرۆکی ئەم فەرمانگەیە، سەر ئەنجام ڕۆڵی ئەکتیڤی ئێوەبوو لەوبوارەدا؟

فازڵ عومەر: سەرەتا سوپاستان دەکەم بۆ ئەم دەرفەتەی بەئێمەتان بەخشی، دەربارەی پرسیارەکەتان، ھەڵبەت مومارەسە وئەزموونی کارکردنمان لەبواری کاری ڕێکخراوەی لە رابردوودا، بۆخۆی بۆتە باگراوەندێک و ئەم باکگراوندەش بۆتە بناغەیەک تاسیفەتی ڕاوێژکاری لەو بوارەدا وەربگرین، سەرۆکایەتی کردنی ئەم فەرمانگەیەش کە پەیوەندی بە ڕێکخراوەکانەوە ھەیە، دانەبڕاوە لەو ئەزمەنەی لەبواری کاری رێکخراوەی ھەمە و پەیوەندیشی ھەیە بەوەی کە لەناوکاروباری حکومەتدا وەک ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەت کارمکردووە.

ڕێچکە: دەپرسین ئێوە یەکێک لەو دروشمانەی ھەتانە لەسەر پێگەو سایتەکەتان نوسیووتانە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومیەکان ڕایەڵە و پردی پەیوەندی نێوان ڕێکخراوەکان و حکومەتی ھەرێمی کوردستانە، کەواتە دەتوانن بڵێن ئەو ڕایەڵە و دروستبوونی ئەو پەیوەندییە خواستی حکومەتە؟

فازڵ عومەر: لەڕاستیدا ئێمە لەسەرەتای دەستپێکردنی کارەکانمانداین، لەسەرەتای ئەزموونکردنی سیستەمێکی نوێداین کەئەم سیستەمە نوێیە بەیاسایەک ڕێکخراوە، جیاوازی ھەیە لەگەڵ ئەو سیستەم و شێوازەی پێشتر لە قۆناغی ڕابوردوودا لەچوارچێوەی یاسایەکی تردا پەیڕەوی لێکراوە، لەم سۆنگەیەوە بڕیاردان لەوەی کە ئێمە ئایا ئەتوانین یان ناتوانین؟ رەنگە بڕیاردانێکی سەرەتای وخێرابێت، بۆیە لەکاتی ئەزموونکردن و بەڕێوچونی کارەکانی ئێمە، خودی کارەکانمان وەڵامی ئەوپرسیارە بداتەوە کە ئایا ئەتوانین لە ئاست خواست وداواکاری سەرجەم ڕێکخراوەکاندا بین و ببین بەڕایەڵەیەکی پەیوەندی پتەولە نێوان ڕێکخراوەکان وحکومەت کە ئێمەش بەشێکین لەوحکومەتە، ئەو یاسایەی کە لە ھەرێمی کوردستان دەرچوەبۆ ڕێکخراوەناحکومیەکان یاسای ژمالاە (١)ی ساڵی ٢٠١١، حکومەت ڕۆڵێکی گرنگی گێڕاوە لەوەی کە ئەم یاسایە دەربچێت ھەڵبەت بەھاوکاری لەگەڵ پەرلەمان و ڕێکخراوە ناوخۆییەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانیش، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆئەوەی کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان متمانەی تەواوی بەھاوڵاتیانی خۆی ھەیەو وەدەیەوێت بەشداربن لەبوژانەوەی سەرخانی کۆمەڵایەتی لە ڕێگای کارو چالاکییەکانیان کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگا ھەبێت، ئەو میکانیزم و پڕۆسیجەرەش کەفەرمانگەکە لەژێر ڕۆشنای یاساکەدا، پەیڕەوی لێدەکات ھیوای زۆرمان پێی ھەیە کە ئەو ڕایەڵە و پەیوەندیە پتەو بکات بەوەی کەپڕۆسەی تۆمارکردنی ڕێکخراوەکان پڕۆسەیەکی شەفاف و ڕوون وئاسانە، ھەم بەوەی کەھەوڵدان بۆ ئەوەی کە تەمویلی ڕێکخراوەکان لە پرسی مەحسوبیەت ومەنسوبیەت ولێک نزیکی بگوێزێتەوە بۆ پڕۆسەیەکی دادپەروەرانەتر و رەخساندنی دەرفەتی یەکسان.

ڕێچکە: دەپرسین کامانەن ئەو رێکخراوانەی کە پێیان دەگوترێت ڕێکخراوی ناحکومی لەکوردستان؟

فازل عومەر: لەڕاستیدا کەرتی کۆمەڵگای مەدەنی کەرتێکی فراوانە، بۆنمونە ھەردامەزراوەیەک کەگروپێک خەڵک تیادا کۆدەبێتەوە و تواناکانی خۆیان ڕێکدەخەن بۆداکۆکیکردن لەئامانجێک. سەنتەرێکی ڕۆشنبیری، سەندیکایەک کۆمەڵەیەک،یەکێتیەک، پارتێکی سیاسی تەنانەت تیپێکی ھونەری ئەمانە بەیەکەوە لەگەڵ ڕێکخراوە ناحکومیەکان. ھەمویان دەچنە چوارچێوەیەکی فراواتر کەپێیان دەگوترێت رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بەڵام بە پێی ئەوەی کە لەھەرێمی کوردستاندا لەڕوی یاسایەوە وادابەش بووە، بەڵام لەروِوی پێکھاتەوە یەک ھێزە بۆگۆڕینی کۆمەڵگا لەم قۆناغەوە بۆقۆناغێکی تر کە قۆناغی مەدەنیەتە، بەشێک لەوانەی کەنوێنەرایەتی پێکھاتەی پیشیەی وپێکھاتەی جۆراوجۆراو دەکەن پێیان دەوترێت سەندیکا و یەکێتی کۆمەڵەکان، لەگەڵ سەنتەرە ڕۆشنبیرییەکان و گروپ و تیپە ھونەریەکان،کەکاریان بڵاو کردنەوەی ڕۆشنبیرییە ئەمانە یاسایەک رێکیاندەخات کە یاسای ژمارە ١٨ساڵی ١٩٩٣یە، بەبڕوای ئێمە پارتە سیاسیەکانیش بەشێکن لە کۆمەڵگای مەدەنی بەیاسایەک ڕێکدەخرێن کە یاسای ژمارە(١٧)یە، ئەو ڕێکخراوانەی کەپێنان دەوترێت ڕێکخراوی ناحکومی(NGO)کان، لەڕابوردوودا بەیاسای ژمارە(١٥)ساڵی (٢٠٠١)و بڕیاری ژمارە (٢٩٧)ی ساڵی ١٩٩٩خراوبوون، بەڵام لە ئێستادا یاسایەک ھەیە بەناوی یاسای ژمارە(١)ی ساڵی(٢٠١١)ی پەڕلەمانی کوردستان تایبەت بەڕێکخراوە ناحکومیەکان، کە ھەردوو یاسای ژمارە (١٥) و بڕیاری ژمارە (٢٩٧) ڕەتدەکاتەوە و دەبێتە چەترێک بۆ ڕێکخستنی کاروباری ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە ھەرێمی کوردستان، جاچ ئەو ڕێکخراوە ناحکومیانە لۆکاڵ بن واتە لەناو خۆی ھەرێمدا دروست بوبن یان ئەوەی لە ناوڕاست و خواروی عێراق دروست بوبێت و ھاتبێت لە ھەرێمی کوردستان خۆی تۆماربکات وەک ڕێکخراوێکی ناحکومی، ھەروەھا ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان ئەم یاسایەی بەسەریدا دەچەسپێت، کەیاسای ژمارە(١)ساڵی ٢٠١١ی پەرلەمانی کوردستانە, بۆیە دەتوانین بەکورتی بڵێن ڕێکخراوە ناحکومیەکان ئەوڕێکخراوە سەربەخۆو خۆبەخش وقازانج نەویستە ناحکومییانەن، کەدەکەونە ژێر بەند و مادە وبڕگەکانی یاسای ژمارە(١) ساڵی ٢٠١١ی تایبەت بەڕێکخراوەناحکومیەکان لەھەرێمی کوردستان.

ڕێچکە:ئایا ئەو سەندیکاو ڕێکخراو سەنتەرانەی کە سەر بەپارتە سیاسیەکانن لەھەرێمی کوردستان وەک ڕێکخراوەکانی ترلەم فەرمانگەی ئێوە دەبێت خۆیان تۆماربکەن؟

فازڵ عومەر: بۆئەوەی پەیامەکە ڕونتر بگات ئەو رێکخراوانەی کە دەبنە پاشکۆی پارتە سیاسیەکان، بۆنموونە یەکێتی قوتابیان و کۆمەڵەی خوێندکاران و یەکێتی ئافرەتان و یەکێتی ژنان و ...ھتد، لەھەمان کاتدا وەک وتمان سەندیکاکان و کۆمەڵەو یەکێتیەکا .یاسایەکی تایبەت بەخۆیان ھەیە کەھەمان ئەو یاسایەی سەنتەرە ڕۆشنبیریەکانیش مۆڵەتی پێوەردەگرێن ئەویش یاسای ژمارە(١٨)ساڵی ١٩٩٣کە بەیاسای کۆمەڵەکان ناسراوە.ئەم یاسایە لەلایەن لەوەزراتی ناوخۆ جێبەجێ ئەکرێت، ئەوانە ھیچ پەیوەندیەکیان بەفەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومیەکانەوە نیە، ئەوەی پەیوەندی بەئێمەوە ھەیە پێی دەوترێت ڕێکخراوی ناحکومی، ئەمانە لەھەرێمی کوردستاندا ڕێژەیەکیان ھەیە کە لەڕابوردوودا مۆڵەتیان وەرگرتووە و کاروچالاکیان کردووە، لەئێستادا لەلایەن ئێمەوە سەرپەرشتی دەکرێن، ھەر ڕێکخراوێکی تازەش کە ڕێکخراوی ناحکومی بێت و بیەوێت دروست ببێت لەلای ئێمە خۆی تۆمار ئەکات، بەڵام سەنتەرێکی ڕۆشنبیری یان سەندیکایەک یان کۆمەڵەیەک ئەمانە پێویستە بچنە وەزارەتی ناوخۆ و بەپێی یاسای ژمارە(١٨) مۆڵەت وەربگرن.

ڕێچکە: ئەی بەنیسبەت ئەو ڕێکخراوە عێراقی وبیانیانەی کە دێنە ھەرێمی کوردستان چۆن مامە ڵەیان لەگەڵ دەکەن وەک فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومیەکان؟

فازڵ عومەر: وەک ئەوەی پێشتر ئاماژەم پێدا یاسای ژمارە(١)ی ساڵی ٢٠١١ی پەرلەمانی کوردستان تایبەت بەڕێکخراوە ناحکومیەکان لەھەرێمی کوردستان، واتە ڕێکخراوەناحکومیە ڕێکخراوە عێراقیەکان و ڕێکخراوەناحکومیە بیانیەکان دێن لەم فەرمانگەیە خۆیان تۆماردەکەن وفەرمانگەکەمان ھاوکاریان دەبێت ودەبینە چاودێر بەسەرکارو چالاکیەکانیان، چاودێر بەمانای سانسۆرنا بەڵکو بەواتای پێکەوەکاردن و ھەماھەنگی لە پێناو ھاندانی ئەو ڕێکخراوانە، بۆئەوەی خزمەتی باشتر پێشکەش بکەن بەکۆمەڵگاکەمان.

ڕێچکە:دەپرسین ھاوکاریەکانی ئێوەچین بۆئەو ڕێکخراوانەی لە ژێر چەتری فەرمانگەکەتان خۆیان تۆمارکردوە؟

فازڵ عومەر: ئێمە بەپێی یاسا مافی ئەوەمان دراوەتێ کە ھاوکاری پڕۆژەی ڕێکخراوەکان بکەین، ساڵانە لەبودجەی ھەرێمی کوردستان بڕێک پارە بۆ پڕۆژەی رێکخراوەکان دیاری دەکرێت، بۆنمونە لەبودجەی ئەم ساڵ بڕی(١٥)ملیاردینار دیاریکراوە. دەدریتە پڕۆژەی رێکخراوەکان لەسەرجەم بوارە جیاوازەکاندا، بەتایبەتی ئەوبوارانەی کەپەیوەندیان بەگەیاندنی لایەنی خزمەتگوزاری بەھاوڵاتیانەوە ھەیە، بەڵێ ئێمە وەک فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومیەکان لەڕووی مەعنەوی و داراییەوە لەپەیوەنیدادەبین لەگەڵ گشت ئەوڕێکخراوەناحکومیانەی لەم فەرمانگەیە خۆیان تۆمارکردووە.

ڕێچکە :لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی ئێوەدا لەیەکێک لەماڵپەڕەکوردیەکان، دەڵێن کە لەمانگی ٥ی ئەم ساڵدا ئەوبەخشینانەی پێشتر بەشێوەی مانگانە دراوە بەڕێکخراوەکان کەدووملیۆن ونیوو دینارە دەبڕیت،دەتوانن زیاتر ڕونکردنەوەمان پێ بدەن لەم بارەیەوە؟

فازڵ عومەر :لەڕاستیدا ھەر لەیەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونی فەرمانگەکەمان لە چوارچێوەی گۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ستراتیژو بەرنامەی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومیەکەمان ڕاگەیاند. ھەرلەوێدا ئاماژەمان بەوەکرد کەلەڕابوردودا پێدانی بەخشینی مانگانە بەبەشێک لە ڕێکخراوەکان پەیڕەوی لێکراوە بەنیەتی بەشداری پێکردن و ھاوکاریکردنی ڕێکخراوەکان. بەڵام کە یاسای نویێ دەرچوو ئەو یاسا نوێیە ئاماژە بەوە ئەکات کە ھاوکاری پێشکەش بە ڕێکخراوەکان دەکرێت لە سەر بنەمای پڕۆژەکانیان، بۆیە ئێمە وەک فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومیەکان لەمانگی دوودا لەو کۆنفراسەدا ماوەیەکمان داوەتە گشت ڕێکخراوەکان کەسێ مانگە، لەسەرەتای مانگی پێج مینحەی مانگانە نامێنێ و پڕۆژە ئەبێتە پێووەر، ئەم پێوەرە زۆرگونجاوە چونکە دادپەروەری و یەکسانی وشەفافیەتیش لەوەدایە کەدرگایەکی واڵا بۆڕێکخراوەکان بکەیتەوە کە لەڕێی پڕۆژەکانیانەوە خزمەت بەھاوڵاتیان بکەن .

ڕێچکە:بەوسیفەتەی بەڕێزتان کە پێشتر لەکابینەی شەشەم ڕاوێژکاری سەرۆکی حکومەت بوون بۆکاروباری ڕێکخراوەکان تاچەند لەئەداو کارکردنی ڕێکخراوەکانی گۆمەڵگای مەدەنی وسەنتەرە ڕۆشنبیریەکان ڕازین بە ئێستاشەوە؟


فازڵ عومەر: لەڕاستیدا ئەگەر قسە لەسەر رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بکەین لەھەرێمی کوردستان،رەِنگە بگونجێ کە بڵێین تەمەنی ئەم کەرتە تەمەنێکی زۆرنیە لەگەڵ ئەمەشدا بێ ویژدانی ئەبێت بڵێین کە ھیچ ڕۆڵێکیان نەگێڕاوە، بەڵام ئەشتوانین بڵێین کەلەئاستی پێداویستی و داخوازیەکانی ئەم قۆناغە وخەڵکی ھەرێمی کوردستان نەبوون، من ھەمووکات ئەوە دووبارە دەکەمەوە ئەوکاتە ڕێکخراوەکان ئەتوانن کاریگەری وڕۆڵ وگرنگیان ھەبێت کە ببن بە بەشێک لە جەستەی کۆمەڵگا، ببن بەشێک لەپێداویستیەکانی کۆمەڵگا زۆرجار ئەو قسەیەم بەڕاشکاوانە وتووە لە گەڕەکێکدا ئەگەر مزگەوتێک، قوتابخانەیەک، باخچەیەکی ساوایان، یارگایەک،بنکەیەکی تەندروستی تەنانەت نانەوخانەیەک کرابێتەوە دانیشتوانی ئەو گەڕەکەکە نەک پێیان ناخۆش نیە، بگرە زۆر دڵخۆشیش دەبن، بەڵام کاتێک ڕێکخراوێک یان سەنتەرێک لەگەڕەکێکدا دەکرێتەوە. تەواوی گەڕەکەکە پێی نیگەرانن، ھۆکاری ئەمەچیە؟ ھۆکاری ئەمە ئەوەیە کەڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لەکوردستان نەیانتوانیوە خۆیان بکەن بە بەشێک لە پێداویستیەکانی کۆمەڵگە، نەیانتوانیووە ببنە بەشێک لەجەستەی کۆمەڵگە. بۆیە ئەرکی ئێمە وەک فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومیەکان. قورسترە لەوەی بریتی بێت لە تۆمارکردنی ڕێکخراوێک یان تۆمارنەکردنی یان ھاوکاریکردنی پرۆژەی رێکخراوەکان، بەڵکو ئەرکی ئێمە بریتیە لە خۆشکردنی زەمینە بۆ ئاشتکردنەوەی کۆمەڵگە و رێکخراوەکان و ھەوڵدانە بۆ ئەوەی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ببنە پێداویستی خەڵک، بەشێوەیەک خەڵک واھەست بکەن بەبێ ئەو رێکخراوانە ناتوانن بەشێک لە پێداویستی و داواکانیان بەدی بھێنن.

ڕێچکە: پێتان وانیە ھۆکاری ئەوەیە زۆربەی ئەو ڕێکخراو سەنتەرانە ھەن لەکوردستان مینبەری پارتە سیاسیەکانن بۆیە دانیشتوانی گەڕەکەکان دڵخۆش نین پێیان؟

فازڵ عومەر: من پێم وانیە بەوشێوەیە بێت چونکە کۆمەڵگاکەی ئێمە کۆمەڵگایەکی حیزبیە، ڕەنگە بارەگایەکی حیزبی لەگەڕکێکدا ھەبێت بۆخەڵکی گەڕەکەکی ئەوەندە ناخۆش نەبێت بەقەدەر بارەگای سەنتەرێکی ڕۆشنبیری یاخود ڕێکخراوێکی کۆمەڵگای مەدەنی، ئەمڕۆ حیزب بۆتە پێداویستی خەڵک، بەبڕوای من پەیوەندی بەوەوە ھەیە کە لە ڕابوردوودا ھەندێک لەم ناوەندو رێکخراو و سەنتەرانە خراپ بەکارھێنراون، لەکاتێکدا ئەوەی ڕێکخراوێک دروست دەکات بڕیار دەدات کەببێتە پێشەنگ لەناوگۆمەڵگە، ببێتە پردێکی پەیوەندی نێوان کۆمەڵگەو دەسەڵات. .بۆنمونە وەرە مزگەوت کەپێگەیەکی زەروری کۆمەڵگایە بیھێنە دەرەوە ی کۆمەڵگا قبوڵی ناکات لەبەر ئەوەی کۆمەڵگا بەبێ مزگەوت کەموکورتی دەبێت، دەبێت ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی کارێک بکەن ھاوڵاتیانی ئەم کۆمەڵگایە ببنە بەرگریکار لەم ڕێکخراوانە وبڵێن کۆمەڵگا بەبێ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی کەمو کورتی ھەیە نەک بڵێن ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ھەر بۆ پڕکردنی گیرفانی خۆیانن کەئەمە کارەساتە، بۆیە ھەرچۆن ئەگەر ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی نەبێت فەرمانگەکەی ئێمە بوونی پێویست نیە، ئاوھاش ئەگەر کۆمەڵگا نەبێت ڕێکخراوەکانیش بونیان پێویست نیە، چۆن فەرمانگەکەی ئێمە دەبێت لەخزمەتی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیدابێت، ئاوھاش ڕێکخراوەکان دەبێت لەخزمەتی ھاوڵاتیان و کۆمەڵگەدابن.

ڕێچکە:کەواتە ئەوە ئێوەن دەتوانن ببنە پردی پەیوەندی ئاشت بونەوەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی وھاوڵاتیان یان ڕێکخراوەکان خۆیان دەبێت ئەوپردە،دروست بکەن؟

فازڵ عومەر: لەڕاستیدا ئێمە ناتوانین ئەوەبەدی بھێنین، بەڵکو تەنھا دەتوانین ھاوکاربین. بەڵکو ئەوە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنین کەفراوانترو گەورەترو زۆرترن لەئێمە، دەبێت ھەوڵبدەن لەگەڵ ئەم کۆمەڵگایەدا بگەنەجۆرێک لەڕێکەوتن وببنە پردی پەیوەندی لە نێوان خەڵک و دەسەڵات، بۆیە تائێستا ڕێکخراوەکان پێیان وانیە ئەم ئەرکەیان لە ئەستۆدایە. لەڕاستیدا ڕێکخراوەکان زۆرجارسنور دەبەزێن ودەڵێن، ئێمە نوێنەری کۆمەڵگاین ، کە لەکاتێکدا ڕێکخراوەکان نوێنەری کۆمەڵگا نین بەڵکو دەنگی کۆمەڵگان.

ڕێچکە: وەک ئەوەی ئاگادارین ئەو سەندیکا پیشیەیانەی کە لەلایەن ھەردو پارتی سەرەکی دروست کراون ئەندام ودۆستانی لایەنەکانی ئۆپزسیۆن ئامادەنین لەوڕێکخراوانەدا خۆیان ببینەوە. دەپرسین تاچەندڕێکخراوەکانی ئۆپزسیۆن ھاتونەتە فەرمانگەکەتان وخۆیان تۆمارکردوە؟

فازڵ عومەر: بەدڵنیایەوە دەڵێم، ئەویاسایەی کە لەھەرێمی کوردستان دەرچووە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە.یاسایەکە بەدەنگی ھەموو پەرلەمانتارانی کوردستان دەرچووە، ئەتوانم بڵێم زۆرینەی زۆری دەسەڵات وئۆپۆزسیۆنیش بەشداربوون لەنوسینەوە و بڕیار لێدانی، بۆیە بەئەمانەتەوە ئەم قسەیە دەکەم، وەکو فازڵ عومەر وەک بەرپرسی یەکەم لەداڕشتنی ستراتیجیەتی ئەم فەرمانگەیەدا، ئەوە دوبارەدەکەمەوە بەیەک چاو سەیری ھەموو ئەوخەڵکە دەکرێت کەدێتە ئەم فەرمانگەیە و مامەڵەی خۆی پێشکەشدەکات چونکە تەنھا پرسیارێک لەم فەرمانگەیە کە لەکەس ناکرێت، ئەوەیە کەباکگراوەندی سیاسی چیە، بۆیە ھەموو پرسیارێک ئاساییە بکرێت تەنھا پرسیاری ئینتمای سیاسی لەھیچ کەس و ڕێکخراوێک ناکرێت، بۆیە ئەو خەڵکانەی کەوەک ئۆپۆزسیۆن خۆیان پێناسە دەکەن، ئەگەر ڕێکخراویش دروست بکەن ئاساییە، چونکە ئێمە وەک حکومەتی ھەرێمی کوردستان متمانەمان بەھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان ھەیە لەدەسەڵاتدابن. یان لەدەروەی دەسەڵاتدابن، ھەموومان خەمخۆری وڵات و ئایندەکەیین. ڕاستە لەگەڵ لایەنی ئۆپۆزسیۆن لەسەرھەندێک مەسەلە ناکۆکینو بیرو بۆچونمان جیاوازە و لەوانەشە ھەندێکجار گفتوگۆش لەسەر مێزێک کۆمان نەکاتەوە، بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی ئێمە، لەو راستیە ھەڵبێین، کەھەموومان خەونێکی ھاوبەشمان ھەیە، ئەویش دروستکردنی دەوڵەتی کوردیە.

ڕێچکە: ڕۆڵی ئێوە چی دەبێت لەھەڵسەنگاندن و لێپێچینەوە بەرامبەر ڕێکخراوەکان؟

فازڵ عومەر: ھەڵسەنگاندن بۆ پڕۆژەی رێکخراوەکان و جێبەجێکردنی ئەو پرۆژانەو ئەدای رێکخراوەکان دەکەین، ساڵانە بەرنامەمان دەبێت بۆھاندانیان، بگرە ڕێکخراوانەی چالاکەکان ڕێزیان لێدەنرێت ئەو ڕێکخراوانەی کەموکوڕیان ھەیەلەڕووی یاسایەوە مافمان ھەیە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکەین.

ڕێچکە: وەک ئەوەی ئێستا دەبینین تەنھا لەشاری ھەولێر فەرمانگەتان ھەیە ئایا بیر لەوە نەکراوەتەوە.لەشارەکانی تر نوسینگە یان بەڕێوبەرایەتی تربکەنەوە؟

فازڵ عومەر: ئێمە لەئێستادا گفتوگۆی ئەو بابەتەمان کردووە، ئەو فەرمانگانەی کەراستەوخۆ بەستراون بە سەرۆکایەتی بەئەنجومەنی وەزیرانەوە.لق ونوسینگەیان نیە لەپارێزگاکانی تر، ڕەنگە ئەگەر لەئایندەدا پێویست بێت بۆئەم مەسەلەیە ھەنگاو بنێین ولەشارەکانی تری ھەرێمی کوردستان نوسینگەی فەرمانگەکەمان بکەینەوە، بەڵام لەسەرەتاوە پێمان باشبوو بەم شێوەیە کارەکانمان بکەین، بۆئەوەی ئەوەندەی سەرقاڵی داڕشتن و بەرنامەو کاروپلان و بەدیھێنانی ئامانجەکانمان بین.ئەوندە سەرقاڵی کێشەی ئوفیسەکانی ئەم شار و ئەوشار نەبین.

چاپ

پرێس کۆنفرانسەکان
چالاکیەکانی فەرمانگە بە ڤیدیۆ
فەرمانگە رێکخراوەکان لە فه يسبووك
ئه درێسى فەرمانگە بە نەخشە
krgngo

© 2012-2013 Krg NGO Design by: IT Staff