دەقی دیمانەی گۆڤاری چرکە لەگەڵ سەرۆکی فەرمانگە

2008 جار بینراوە| لەرێکەوتى : 2013-04-23

لەدیمانەیەکی گۆڤاری چرکەدا سەرۆکی فەرمانگە لەبارەی پرس و باسی رێکخراوەکان و یاسای رێکخراوەکانی ھەرێمی کوردستان و کارو چالاکی و پڕۆژە و زەرورەتی بوونی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی وەڵامی چەندین پرسیاری دایەوە و راو بۆچوون و روونکردنەوەی تەواوی خستووەتە بەردەم خوێنەرانی گۆڤاری چرکە.
دیمانە: چرکە
چرکە: دیدی جیاواز لەسەر دروستبوونی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان ھەیە، پێتوایە ئەو فەرمانگەیە بتوانێت رەوشی رێکخراوەکان بەرەو باشتر ببات؟
فازڵ عومەر: دیدەکان ھەرچییەک بن، بە نەتیجە دروستبوونی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان زادەی ئەو گەشەو بەرەوپێشچوونەیە کە ھەرێمی کوردستان لەڕووی کرانەوە و دیموکراسی بەخۆیەوە بینیوە، ئەگەر ئەزموونی حوکمڕانی لە دوو دەیەی رابردوودا ھەڵسەنگاندنی بۆ بکەین، ئەو راستییەی سەرەوەمان بۆ دەسەلمێت، لەگەڵ یەکەمین لەحزەی مومارەسەکردنی حوکمی خۆی و لەیەکەمین خولی پەرلەمانی کوردستان، دروست لە ساڵی ١٩٩٣ یاسایەکی تایبەت بە بواری کاری رێکخراوەیی لەھەرێمی کوردستان دەرچوو، بەناوی یاسای ژمارە ١٨ کۆمەڵەکان، کە لەسایەی ئەم یاسایەدا دەیان سەندیکا و کۆمەڵەو یەکێتی و رێکخراو و دەزگا و دامەزراوەی دیکە دامەزران، کە بەھەنگاوی یەکەم و بەدەستپێکی دەست و پەنجە نەرمکردن لەگەڵ سیستەمی دیموکراسی وەسف دەکرێت، لە ھەنگاوی دووەمدا ھەرێمی کوردستان پێدەنێتە قۆناغێکیتر و لە ڕێگەی پەرلەمانی کوردستانەوە یاسای ژمارە ١٥ی ساڵی ٢٠٠١ دەردەچێت، کە تایبەتە بە بەشێکی زۆر گرنگ و ھەستیار لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە ئەویش رێکخراوە ناحکومییەکان(NGO)کانە، ئەم یاسایەش رۆڵی گرنگی گێڕا لەدروستبوونی ھێزگەلێک کە لەنەتیجەی کارەکانی رووبەری دیموکراسی فراوانترکرد، دوای تێپەڕبوونی ١٠ ساڵ بەسەر ئەزموون کردنی ئەم یاسایەشدا، کۆدەنگی قەناعەتێکی ھاوبەش ھەبوو لەسەر ئاستی (حکومەت و پەرلەمان و خودی رێکخراوەکان) بۆ ئەوەی، کە یاسایی ژمارە ١ی ساڵی ٢٠١١ دەبچێت، کە ئەم یاسایە بە دان پێدانانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان یەکێک لەیاسا گەشە سەندووەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستە، لەئێستا لەو وڵاتانەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە گۆڕانکاری سیاسی تێیاندا روویدا وەک ئەزموونێکی پێشکەوتوو سوودی لێوەر دەگرێت، خودی ئەم یاسایە دوو شتی زۆر جەوھەری تێدا کە دەلالەتی روونی گەشەی دیموکراسییە لەھەرێمی کوردستان، ئەویش لەلایەک ئەوەیە کە دروستکردن و دامەزراندنی رێکخراو وەک ماف وەسف دەکات، کە رێگە بە مومارەسەکردنی ناگیرێت، بەڵکو تەنیا لەڕێگەی یاساوە رێک دەخرێت، لەلایەکی دیکەوە جەوھەری یاساکە نیشاندەری ئەوەیە کە دەسەڵات لەم ھەرێمە سیقە و متمانەی تەواوی بە ھاووڵاتی خۆی پەیداکردووە و دەخوازێت لەڕێگەی پڕۆژەکانیانەوە بیانکات بە شەریک لە جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتەی حکومەت لەڕووی گەیاندنی خزمەتگوزارییەوە، ھەیەتی، ئەم یاسایە پرسی بەرپرسیارێتی دابەش دەکات، گرووپ و ئەو کەسانەی لەدەوری ئامانجێک کۆدەبنەوە دەخاتە بەردەم بەرپرسیارییەک لە ئاوڕدانەوە لەسێکتەر و بوارە جۆراوجۆر و چین و توێژەکانی کۆمەڵگە. لەیاساکەدا ھاتووە کە ئەم یاسایە لەلایەن فەرمانگەیەک کە سەر بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانە، بەناوی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان جێبەجێدەکرێت، ئەگەر فەرمانگە بەند و بڕگەکانی یاسای ژمارە (١) و رۆحی ئەو یاسایە جێبەجێ بکات، بەدڵنیاییەوە رۆڵ دەگێڕێت لەبەرەوپێشبردنی رەوشی کاری رێکخراوەیی لەھەرێمی کوردستان.
چرکە: بەشێک لەچالاکوانان پێیانوایە ئەو بڕە پارەیەی بۆ فەرمانگەی رێکخراوەکان دیاریکراوە لەو بڕە پارەیە زۆرترە کە پێشتر لەماوەی ساڵێکدا دەدرا بە رێکخراوەکان وەک مینحەی مانگانە، ئایا ھەست ناکەیت بەھەدەردانی داھات بەشێوەیەکی شاراوەتر درێژەی پێدەدرێت؟
فازڵ عومەر: لەراستیدا ئەوەی دەبێتە مایەی بەھەدەردان رێژە و بڕی پارەکە نییە، بەڵکو ئەو میکانیزمەی پارەکەی پێ سەرف دەکرێت لە پڕۆسەی بەھەدەردانەکەدا رۆڵ دەگێڕێت، بەنموونە کاتێک تۆ بە مانگانە بەبێ پڕۆژە مینحەیەکی کەم بەڕێکخراوێک دەبەخشیت، کە پێشتر پێی نەگوتووی چۆن ئەو بڕە پارەیە سەرف دەکات دێت و لەکۆتاییدا راپۆرتێک پێشکەش دەکات، دەگونجێت بەھەدەردان تێیدا رووبدات، بەڵام کاتێک تۆ لەچوارچێوەی سیستەمێکدا کە پشت ئەستوورە بە یاسا، ھاوکاری یان بڕێک پارەی زۆر دەدەیت بە پڕۆژەی رێکخراوێک کە پێشتر پڕۆژەی پێشکەشکردووە و تێیدا تەواوی چالاکی و رێوشوێنەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی روونکردبێتەوە، لەگەڵیشیدا چاودێری چۆنێتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی بکرێت و لەکۆتاییدا راپۆرتی چالاکی و دارایی لێوەربگیرێت و ھەڵسەنگاندنی بۆ کرێت، ئەستەمە تێیدا بەھەداردان رووبدات، بەکورتی پارەدان بە رێکخراو جیاوازە لەپارەدان بە پڕۆژەی رێکخراو. ئەوەی فەرمانگەکەی ئێمە دەیکات بریتییە لە پارەدان بە پڕۆژەی رێکخراوەکان، بەمەبەستی بەشداری پێکردنیان و کردنیان بە شەریک و ھاوبەشی حکومەت لەتەواوکردنی ئەو ئەرک و کارانەی کە حکومەت دەستی پێی راناگات یان ناتوانێت بیانکات.
چرکە: وەک فەرمانگە سوود لە ئەزموونی چ وڵاتێک دەبینن بۆ بەرەوپێشبردنی کاری رێکخراوەیی؟
فازڵ عومەر: ھەرێمی کوردستان لەدوای راپەڕینەوە لە پرۆسەی ھەنگاونانیدا بەرەو سیستمی دیموکراسی، لەھەندێک شوێندا گەشەی بەرچاوی کردووە لەھەندێک شوێنیتر ماویەتی، ئەرکی رێکخراوەکانیش کە بریتییە لە بەگەڕخستنی تواناکانیان لە پێناو فۆرمەلەکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی، دەبێت بارگاوی بکرێن بەو ئەزموون و سیستەمە پێشکەوتووانەی کە لە جیھان و ناوچەکەدا ھەن، بۆیە ھەوڵدراوە لەگەشە و پێشکەوتنەکانی دونیا و ناوچەکە سوود وەربگیرێت، ھەر لەنووسینەوەی یاساکە، کە ھاوکاری رێکخراوە نێودەوڵەتییە ئەزمووندارەکان رۆڵی جددییان ھەبوو تا دامەزراندنی رێکخراوەکە پێوەر و بەھا و ئەزموونە جۆراوجۆرەکان لەسەر ئاستی تیۆری و کرداریدا سوودیان لێوەرگیراوە، ھەوڵیش دەدرێت لە میانی کارەکانی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان کار بکرێت لەسەر پێگەیاندنی دامەزراوەیی، دامەزراوەی رێکخراوەکان بەسوود بینین لە میتۆد و میکانیزمی ئەزموون کراو و سەرکەوتوو، لەھەمانکاتدا ئەو پرۆسیجەرەی لە پەیوەند بەھاوکاری ماددی رێکخراوەکان بەکارھێندراوە و بەکاردەھێندرێت ھەمان ئەو پرۆسیجەرانەی کە رێکخراوە نێودەوڵەتییە ئەزمووندارەکان لەسەر ئاستی دونیادا بەکاریان ھێناوە، رەچاوی تەواو بەھاکان و پێوەرە پێشکەوتووەکان بۆ بەدیھێنانی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو کراوە.
چرکە: ئایە وەرگرتنی بەشێک لە پڕۆژەکان بەشێکی زۆر لە رێکخراوەکان نیگەران ناکات؟
فازڵ عومەر: ئێمە خوازیارین سەرجەم ئەو پڕۆژانەی پێشکەشمان دەکرێت لەو ئاستەدابن کە ھاوکاری بکرێن، بەڵام دواجار پڕۆژە ئەوکاتە پڕۆژەیە کە بەشێوەیەکی بابەتیانە و بەپێی ستانداردەکان نووسراو بێت، ئەو کاتە پڕۆژەیەکە ئامانجداربێت و لەڕێگەی ئەو ھۆکارانەی بەکاری دەھێنێت لەکاتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەدا بتوانێت ئەو ئامانجانە بەدی بھێنێت و ئامانجەکانیش لەخزمەت ھاووڵاتیاندا بێت، بە واتایەکی دیکە یەک بێتەوە لەگەڵ سیاسەت و ستراتیژی حکومەت، کە بریتییە لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بە ھاووڵاتیان. ئەوەی پێویستە بگوترێت ئەوەیە کە نابێت رێکخراوەکان حکومەت و ئەو بەشە داھاتەی لە بودجەی ھەرێم بۆیان دیاریکراوە، بەتەنیا کەناڵ بزانن بۆ ھاوکاری کردنی پڕۆژەکانیان، رێکخراوی ئامانجدار لە ھەوڵی بەردەوامدایە بۆ ئەوەی لە پێناو بەدیھێنانی ئامانجەکانی ماندوو بێت و بەدوای سەرچاوە و کەناڵی دیکەدا بگەڕێـت، چونکە پێوەر بۆ ھەڵسەنگاندنی رێکخراوی سەرکەوتوو ئەوەیە ئەو رێکخراوە تا چەند سەرچاوەکانی تەمویلی جۆراوجۆرن، ئەمەش لەم سۆنگەیەوە دێت کاتێک رێکخراوێک توانی سوود لە زیاتر لەکەناڵێک وەربگرێت، واتە توانیویەتی کاریگەری لەسەر زیاتر لەکەناڵێکدا بنێت، بەنەتیجە ئەو رێکخراوە دەتوانێت کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەیش دابنێت.
چرکە: باس لەوە دەکرێت ھەیمەنەی چەند کەسێک بەسەر فەرمانگەکەوەیە؟
فازڵ عومەر: ئەم قسەیە نوێ نییە، بۆ سەرجەم دامەزراوەکانی ئەم کۆمەڵگەیە ھاوشێوەی ئەم دەستەواژەیە داتاشراوە، پاشان ئێمە لەو فەرمانگەیە وەک تیمێک کار دەکەین. بۆیە ئاساییە ئەگەر ھەیمەنەمان بەسەر فەرمانگەکەوە دیاربێت، گرنگ ئەوەیە ھەیمەنەکە لەخزمەت خەڵکدا بێت لای من ئەسڵ ئەءەیە، دواجار قسەی خەڵک لەبەر ئەوەی باجی لەسەر نییە، گوتن و داڕشتن و کردنی ئاسانە، من وەک سەرۆکی فەرمانگە و دەسەڵاتی یەکەم لەم فەرمانگەیەدا تا ئێستا ئەو ھەستەم لادروست نەبوو، کە لە غەیری خزمەت و لەخزمەت ھاووڵاتیدابووندا بابەتێکی دیکە ھەبێت کە کاری لەسەر بکرێت، بە پێچەوانەوە ئەوەی بەرخوردی لەگەڵ ئێمەدا کردووە شاھێدی ئەوەمان بۆ دەدات کە مومارەسەی رۆحیەتێکی کارپێکەوەکردنی سەلیم دەکەین، بۆ مەبەستی بەردەوامبوون لەسەر ئەم نەھجە ھاندراوین، رەنگە بەشێکی گەورە لەسەرکەوتنمان بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە ھەمەڕەنگییەک لە پێکھاتەی فەرمانگەکەماندا ھەیە، ئێمە لە رەنگە جیاوازەکان تابلۆیەکی جوانمان نەخشاندووە، لەبەر ئەوەی من رێگەم بەخۆم نەداوە یەکەم و ئاخر کەسبم کاریگەرییەکانی ئەم کارە رەنگدانەوەی بەسەر ھاوکارەکانمەوە ھەیە، لای من ئەو کاتە سەرکەوتوویت کە بەرپرسیارێتیت دابەشکرد، ئەوەی لەگەڵت کار دەکات دەیەوێت بەرپرسیارێتی پێ ببەخشی پێی دەبەخشم، دڵنیام ھاوکارم دەبێت.
چرکە: ھەست ناکەیت فەرمانگەی رێکخراوەکان لەڕووی راگەیاندنەوە لاوازە و لەگەڵ تێپەڕبوونی ماوەیەک بەسەر دروستبوونیدا تاکو ئێستا وەک پێویست لەناو چالاکوانان و خەڵکی کوردستان نەناسراوە؟
فازڵ عومەر: ئەگەرچی تەمەنی کارکردنی فەرمانگەکەمان (٣) مانگی تێنەپەڕاندووە، لەگەڵ ئەوەشدا توانیومانە بەپێی ئەو ئیمکانیەتە متەوازعەی ھەمانە لەڕووی راگەیاندنەوە، بەشێوەیەک لەشێوەکان خۆمان بناسێنین، ئێمە ماڵپەڕی فەرمیمان ھەیە بەناوی (www.krgngo.org)، بەھەمان شێوە سوودمان لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەت فەیسبووک وەرگرتووە، لەیەکەم ھەنگاومانەوە شتێکی گرنگ ھەبووبێت لەچوارچێوەی کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا خستوومانەتەڕوو، ھەر کەناڵێکی راگەیاندن ھاتبێت بەمەبەستی چاوپێکەوتن و کارێکی رۆژنامەوانی ئێمە بەو پەڕی توانا ھاوکاریمان کردووە، ھەروەک ئەوەی لەخزمەتی ئێوەداین، زۆرجاریش ھەوڵمانداوە لەڕێگەی کەناڵەکانیتر بەتایبەتی رۆژنامە و سایتەکان پەیام بڵاو بکەینەوە، لەگەڵ ئەوەشدا من دەزانم پێویستمان بەناساندنی زیاتری فەرمانگەکەمان ھەیە، بۆیە بەسوپاسەوە داوا لە سەرجەم کەناڵەکانی راگەیاندن بەھەموو ئاراستە و رەھەندە جیاوازەکان دەکەین کە لە گەیاندنی ئەو پەیامەی کە ھەمانە ھاوکارمانبن.
چرکە: باس لەوە دەکرێت کۆمەڵ و یەکگرتوو رێکخراوێکی زۆریان دامەزراندووە بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە پێگەی خۆیان بەھێز بکەن، ئایا دروستکردنی رێکخراوی زۆر لەلایەن کادیرانی ئیسلامییەکانەوە ئیشکالیات بۆ فەرمانگەو کاری رێکخراوەیی دروست ناکات؟
فازڵ عومەر: ئێمە خاوەنی یاسایەکین کە بۆ دامەزراندنی رێکخراو دەرفەتی یەکسان لە بەردەم ھاووڵاتیانی ئەم ھەرێمەدا دروست دەکات ، ھیچ پێوەرێکمان نییە بۆ پۆلێنکردن و جیاکردنەوەی ئەو رەنگانەی کە سەردانی فەرمانگەکەمان دەکەن، بۆمان گرنگ نییە ئەوانەی رێکخراو دروست دەکەن کێن، یان ئینتیمای سیاسییان چییە، ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەو ئامانجانەیە کە رێکخراوەکەی بۆ دروستبووە، ئێمە بە وردی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو رێکخراوە دەخوێنینەوە، ئەگەر پێچەوانە نەبێت لەگەڵ بڕگە و ماددەکانی یاسای ژماری (١) و یاسا کارپێکراوەکانی دیکەی کوردستان، ھەروەھا پێچەوانە نەبێت لەگەڵ بەندەکانی مافی مرۆڤ و پەیماننامە و رێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، ئامانجەکانی بە ڕۆشنی خزمەت بەبوارێک لەبوارەکانی کۆمەڵگە بکات، یان چین یان توێژێک لە توێژەکانی کۆمەڵگە بکاتە سەنتەری خزمەت پێگەیاندن، ئەوا بێ دوو دڵی لەچوارچێوەی یاسادا تۆمار دەکرێت، ئەوەی دەگوترێت بۆمن گرنگ نییە و ناشزانم چەند نزیک یان دوورە لەڕاستی، لەدیدی ئێمەدا رێکخراو موڵکی گشتییە دروستکردنی ئیمتیاز نییە، بەرپرسیارێتییە، پاشان ئەگەر واشبێت ئەوا ئەندامان و لایەنگرانی پارتە سیاسییەکانی دەرەوەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، کە تا دوێنێ گلەیی ئەوەیان ھەبوو کە دەرفەتیان پێنەدراوە و دیموکراسیەت بۆ ئەوان نییە، دەبێت ببنە شاھێد و گەواھیدەر بۆ ئەوەی کە ئەم ھەرێمە لە ڕووی گەشەی دیموکراسییەوە ھەنگاوی جددی ناوە، پاشان ئەو دەسەڵاتەی ئێستا لەھەرێم حکوم دەکات لەپێش ھەموو کەس بۆ بەدیھێنانی دیموکراسی خەباتی کردووە، ھەر ئەویشە دەبێت زەمینەی بۆ خۆشبکات، نەک کەسانێک کە لەڕاستیدا کێشەیان لەگەڵ خودی چەمکی دیموکراسی ھەیە بێن و بیانەوێت لەسەر دەستی ئەوان دیموکراسی فۆرمەلە ببێت، ئەگەر کەسێک گوتی بەڵگەت چییە بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان ھەنگاوی ناوەو دەیەوێت مۆدێلی دیموکراسی جێگەی سەرجەم مۆدێلەکانی دیکە بگرێتەوە، دەبێت بەوە وەڵامی بدەیتەوە کە ئەو فەزایەی بۆ کارکردنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی رەخسێندراوە دەلالەتی روونی ئەوەیە.
چرکە: ئایا ئەو ستافەی ئێستای فەرمانگە نەگۆڕە یان سوود لەخەڵکی بەتوانا وەردەگرن بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆژە و کارەکانتان؟
فازڵ عومەر: ستافی ھەر دامەزراوەیەکی حوکمی جێگیرە، رەنگە زیاد بکات بە دامەزراندنی کەسێکی نوێ یان کەم بکات بە نەقڵبوونی فەرمانبەرێکی، بەڵام سوود وەرگرتن لەتوانای کەسانیتر لە دەرەوەی فەرمانگەکەمان یەکێک لە پرانسیپەکانی مومارەسەکراوە، بۆ نموونە ئێمە پڕۆژەی راوێژکاری بەردەواممان ھەیە کە یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژی و بەردەوامەکانی فەرمانگەکەمانە، کە دەخوازین لەڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە سوود لەبیر و بۆچوونی ئەو کەسانە وەربگرین کە چالاکوان و کادیرانی رێکخراوەکانن، پاشان ئێمە لیژنەی راوێکاریمان ھەیە کە بەھەمان شێوە کەسانێکن لەدەرەوەی فەرمانگە، لەھەمانکاتدا لیژنەی ھەڵسەنگاندنی پڕۆژەی رێکخراوەکانمان ھەیە کە لەکەسانی شارەزا و پسپۆڕ و خاوەن ئەزموون لەدەرەوەی فەرمانگە پێکھاتوون، بەدڵنیاییەوە ئەو عەقڵ و دنیابینییە زۆرەی کە لەدەرەوەی فەرمانگەکەمانە و دەیەوێت ھاوکارمان بێت بەدڵنیاییەوە رێز و سوودی لێوەردەگرین، ئەمەو وێڕای ئەوەی لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەتەماسی بەردەوامداین بۆ داڕشتنی ستراتیژ.
چرکە: ھەست ناکەیت بەھۆی بڕینی مینحەی مانگانە کۆمەڵێک لە رێکخراوەکان ناچاردەکرێن بەرەو پووکانەوە بچن و دواتر دابخرێن؟ ئەم کزبوونەی بواری رێکخراوەیی چەندە زیان لە پێگەی رۆشنبیری کۆمەڵگە دەدات؟
فازڵ عومەر: بڕینی مینحەی مانگانە پرسێکی یاساییە، ئەوە نەتیجەی گۆڕانکاری ئەو سیستەمەیە کە بەشێکی زۆر لە رێکخراوەکان لەرابردوودا کاریان بۆ کردووە و داوایان کردووە، ھەرێمی کوردستان خاوەنی یاسایەکە دەرفەتی یەکسان و ئاسانی لەبەردەم دروستبوونی رێکخراودا دروستکردووە، لەپاڵ دروستبوونی ھەر رێکخراوێکدا ئەگەر حکومەت یارمەتی یان مینحەیەکی مانگانەی پێشکەش بکات، ئەوا کاریگەری نەرێنی دەبێت، تەنیا یەک نەتیجەمان دەداتێ ئەویش کوردستان دەبێت بە ڕێکخراوستان، رێکخراوستانێک کە ژمارەی رێکخراوەکان لەڕووی کوالتیەوە لە نزمترین ئاستیدا دەبێت، لەڕابردوودا وێڕای ئەوەی کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان یاساییەن مولزەم نەبوو کە مینحەی مانگانە بەڕێکخراوەکان بدات، بەڵکو خۆی ئەو دەستپێشخەرییەی کردبوو لە پێناو بەشداری پێکردنی رێکخراوەکان لەبوژاندنەوەی سەرخانی کۆمەڵایەتی لێرە و لەوێ مینحەی بۆ ھەندێک رێکخراو بڕیبووەوە، ئەگەرچی نیەتی حکومەت لەم نێوانەدا روون و تەندروستبوو، بەڵام بەدەیان شێوە ئەم ھاوکارییە تەوزیف دەکرا بەوەی حکومەت دەیەوێت کۆنترۆڵی کەرتی رێکخراوەکان بکات، دەیەوێت ملکەچیان بکات تا نەتوانن رەخنە بگرن، ئەمانە و دەیان تەوزیفی تر. بۆیە باشترین سیستم بۆ ھاوکاریکردنی رێکخراوەکان ئەوەیە ھاوکاری پڕۆژەی رێکخراوەکان بکرێت.
چرکە: پڕۆژەی ئایندەی فەرمانگەکەتان چییە؟ ئایا تەنیا لەساڵێکدا یەکجار پڕۆژە ڕادەگەیەنن؟
فازڵ عومەر: فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان بە مەبەستی یاسای ژمارە(١) تایبەت بەڕێکخراوە ناحکومییەکان دامەزراوە، ئەرکی جێبەجێکردنی ئەو یاسایەیە، کە خۆی لە تۆمارکردنی رێکخراوەکان و پێدانی ھاوکاری بە پڕۆژەکانیان خۆی دەبینێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لەگەڵ ئەم دوو ئەرکە کە وەک دوو ئەرکی تەکنیکی سەیری دەکەین، ئەرکێکی دیکەی جەوھەری کە لەپەیڕەوی ناوخۆی فەرمانگەکەماندا جێگەمان کردووەتەوە، ئەویش گەشەدان بەتوانای رێکخراوەکانە بەشێوەیەک کە بتوانن لە پرۆسەی خۆ بەڕێوەبردندا بەشێوەیەکی پرۆفیشناڵانە رۆڵ بگێڕن. بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان چەند بەرنامەیەکمان داناوە. سەبارەت بە پێدانی پڕۆژە لەڕووی سەقفەوە ستراتیژێکی سابت و نەگۆڕمان نییە، بەڵکو دەگۆڕێت، بۆ ئەو شەش مانگەی کە لەبەردەستماندا رامان گەیاندوە پڕۆژەی ٣ مانگ و ٦ مانگی وەردەگرین، ئەگەر رێژەی پڕۆژەکان بەراورد بە بڕە پارەی تەرخانکراو لەیەک ئاستدا نەبوون، واتە ئەگەر پارەمان مایەوە ئەوا جارێکی تر و بەشێوەی تر دەرگای وەرگرتنی پڕۆژە دەکەینەوە.
چرکە: وەک فەرمانگە بۆ ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتی و بیانییانەی کە دێنە کوردستان ھیچ بەیان و یاسایەکتان ھەیە؟
فازڵ عومەر: یاسای ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠١١ی تایبەت بە رێکخراوە ناحکومییەکان، تایبەتە بەسەرجەم ئەو رێکخراوە ناحکومییانەی کە لەھەرێمی کوردستان کار دەکەن، دەشێ ئەو ڕێکخراوانە بیانی یان عێراقیش بن، مەبەست لەعێراقی ئەوانەن کە لەناوەڕاست و خوارووی عێراق دێنە ھەرێمی کوردستان، بۆیە ئەو یاسایە ھەموو ڕێوشوێنەکانی کارکردنی ئەو رێکخراوانەی لەھەرێمی کوردستان دیاری کردووەو ئێمەش لەپرۆسەی تۆمارکردندا رەچاویان دەکەین.
چرکە: ھاتن و چوونی ئەو رێکخراوانە تەنیا لەبەر مەبەستی خزمەتکردنە؟ ئێوە دەبێت چەنێک ئاگاداربن لە کاری ئەوان ؟ راستە ئەمە کاری سەرەکی ئاسایش و دەزگا ئەمنییەکانە بەڵام ئێوە چی؟
فازڵ عومەر: ئێمە چاودێری کاروچالاکی رێکخراوەکان دەکەین، بەڵام بەمانای سانسۆرکردن و دەستێوەردان نا، بۆ کاروبارەکانیان، بەڵکو بەمەبەستی ھەڵسەنگاندن و ھاندانیان بۆکاری باشتر، فەرمانگەکەی ئێمە فەرمانگەیەکی گرێدراو و بەستراوە بەسەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، داوای ئەوەی کە رێکخراوێکی تۆمارکرد، لەرێگەی سەرۆکایەتی دیوانەوە ناوەکەی بۆ سەرجەم دامودەزگاکان گشتاندنی پێدەکرێت بەنیەتی کارئاسانی و ھاوکاری کردنی ئەو رێکخراوە لە ھەنگاوەکانی و پێشکەشکردنی چالاکییەکانی.
چرکە: ھیچ پڕۆژەیەکتان نییە بۆ دیاریکردنی باشترین رێکخراوی کوردی لە کوردستاندا؟
فازڵ عومەر: بەرنامەی ئەوە ھەیە ساڵانە، لەچوارچێوەی رێو رەسمێکدا بۆ نموونە باشترین پڕۆژەی رێکخراوەکان کە توانیویەتی لەڕێگەیەوە زۆرترین کاریگەری و خزمەتگوزاری بگەیەنێت رێز لێبنێین، تاببێتە مایەی ئەوەی کەڕێکخراوەکانی تریش ئەسپی خۆیان تاو بدەن و پڕۆژەکانیان ستراتیژی ترو بابەتیانەتر و و جددی تر بخەنە خزمەتی ھاووڵاتیان و کۆمەڵگەوە.
چرکە: باس لەوە دەکرێت ھەردوو حزبی دەسەڵاتدار دەستکاری کارەکانی فەرمانگە دەکەن، وەڵامی ئێوە چییە؟
فازڵ عومەر: ھەردوو حزبی دەسەڵاتدار کە سەرچاوەی پێکھێنانی حکومەتن وەک ئیستحقاقێکی ئینتحابی، ھەر ئەوانیش رێگەخۆشکەربوون بۆ دەرچوونی یاسای ژمارە (١)ی تایبەت بەڕێکخراوە ناحکومییەکان، بەدڵنیاییەوە ئەگەر بڕوا و یەقینی تەواویان بەوە نەبوایە کە رێکخراوەکان دەتوانن لەڕێگەی یاسایەکی لەم شێوەیەوە رۆڵی کاریگەر بگێڕن یان دەھێشت یاسای لەم شێوەیە دەربچێت، ئێمە کە لەو فەرمانگەیەین ئەگەرچی لەشوێنی خۆمان و لەفەرمانگەکەدا موڵکی ھەموو ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستانین بە سەرجەم پێکھاتەکانیەوە بەبێ جیاوازی رەنگ و بیرکردنەوە و ئینتما، بەڵام دواجار نوێنەری ئەو دوو پارتە دەسەڵاتدارەین، کاتێک ئێمە ھەین چ پێویست دەکات دەستبخەنە کاروبارمان، بەدڵنیاییەوە دەڵێم تا ئەم لەحزەیەی قسەی تیادەکەم بۆتەنیا جارێکیش ھیچ جۆرە دەستێوەردانێک رووی نەداوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە زۆر ھاوکاری بەڕێوەچوون و بەرەوپێشچوونی پڕۆسەکەن.

چاپ

پرێس کۆنفرانسەکان
چالاکیەکانی فەرمانگە بە ڤیدیۆ
فەرمانگە رێکخراوەکان لە فه يسبووك
ئه درێسى فەرمانگە بە نەخشە
krgngo

© 2012-2013 Krg NGO Design by: IT Staff